هەرێم؛ زیاتر لە 80 رۆژە هەڵبژاردن كراوە و حكومەت پێكنەهێنراوە

09:32 - 20/12/2018
کوردستان

 لە هەرێمی كوردستان هیچ كات هەڵبژاردن لە وادەیەكی دیاریكراودا نەكراوە
هەرێم؛ هیچ كات لایەنەكان لە پێكهێنانی حكومەتدا پابەند نەبون بە وادەیەكی دیاریكراوەوە


زیاتر لە هەشتا رۆژە هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان كراوە و هێشتا حكومەت پێكنەهاتوە و چاوەڕوان دەكرێت ماوەیەكی زۆر زیاتر پێكهێنانی دوا بكەوێت، لەم راپۆرتەدا هۆكارەكانی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت دەخەینەڕوو.

زیاتر لە هەشتا رۆژە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ خولی پێنجەم كراوە و هێشتا نەك حكومەتی هەرێم پێكنەهاتووە، تەنانەت دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانیش هەڵنەبژێراوە.

وەك چۆن بەدرێژایی مێژوی 27 ساڵی رابردوی هەرێم هیچ كات هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا نەكراوە، بەهەمان شێوەش هیچ كات لە وادەیەكی دیاریكراودا حكومەت لەهەرێم پێكنەهاتوە.

هەڵبژاردنی ساڵی 2005 
رۆژی 30/1/2005 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ خولی دووەم كرا، دوای ساڵێك و حەوت رۆژ لە رۆژی 7/5/2006 حكومەتی هەرێم پێكهات.

هەڵبژاردنی ساڵی 2009
رۆژی 25/7/2009 هەڵبژاردنی پەرلەمانی  كوردستان بۆ خولی سێیەم كرا، دوای سێ‌ مانگ و سێ‌ رۆژ لە رۆژی 28/10/2009 حكومەتی هەرێم پێكهات.

هەڵبژاردنی ساڵی 2013
رۆژی 21/9/2013 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ خولی چوارەم كرا، دوای هەشت مانگ و 27 رۆژ رۆژی 18/6/2014 حكومەت پێكهات.

هەڵبژاردنی ساڵی 2018
رۆژی 30/9/2018 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كرا، تاوەكو ئێستا كە زیاتر لە هەشتا رۆژە هێشتا حكومەت پێكنەهاتوە.

ئەگەرچی لە رابردوودا هەمیشە پاساوی جۆراو جۆر هەبوە، بۆ دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتەكان، بەڵام لێرەدا دیارترین ئەو هۆكارانە دەخەینەروو، كە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی دواخستوە و چاوەڕێش ناكرێت بەمزوانە پێكبهێنرێت.

لە پێشینەترین هۆكار، مەسەلەی پێكهاتەی حكومەتە، بەوپێیەی حكومەتەكە حكومەتی تاك حیزب نیە و چەند لایەنێكی تر بەشداری تێدا دەكەن، بۆیە هەمیشە پێكهاتنی لایەنەكان كاتی زیاتری پێویستە.

هۆكارێكی تر، پەیوەندیدارە بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنەوە، لەهەرێمی كوردستان زۆر جار هێزەكان پشكی خۆیان بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردن ناوێت و داوا دەكەن لەسەر بنەمای مێژو و جوگرافیا و هێز پشكیان لە حكومەتدا هەبێت، كە ئەم خاڵە ئێستا تەواو بە یەكێتیەوە دیارە و بەرپرسانی ئەو حیزبەش ئەمەیان نەشاردۆتەوە.

هۆكارێكی تری دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت، نەبونی دەستورە لەهەرێمی كوردستان، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەجۆرێك پاساوێكی یاسایی دۆزراوەتەوە، لەژێر ناوی هێشتنەوەی دانیشتنی پەرلەمان بەكراوەیی، كە ئەمەش وایكردوە هێزی راسپێدراو بۆ پێكهێنانی حكومەت و هێزەكانی تریە بەشداریش لەحكومەت پابەند نەبن بەكاتێكەوە و بەویستی خۆیان حكومەت پێكبهێنن.

هۆكارێكی تر پەیوەندی بە ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی خودی حیزبەكانەوە هەیە، كە زۆرجار پۆستەكانی حكومەت وەك كێكێك دەبینن، كە پێویستە هەموو باڵەكان قاشی خۆیان بەركەوێت.

لە زۆرێك لە وڵاتاندا رۆژێك دیاریكراوە وەك رۆژی هەڵبژاردن و حكومەتەكان پێیەوە پابەندن، هەر بۆ نمونە، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا چوار ساڵ جارێك لە رۆژی یەكەم سێشەممەی مانگی نۆفەمبەردا هەڵبژاردن دەكرێت، بەڵام لەكوردستان بەدرێژایی 27 ساڵی رابردوو هیچ كات هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا نەكراوە، بەهەمان شێوەش حكومەتەكان لەوادەیەكی دیاریكراودا پێكنەهاتون.

549 جار خوێندراوەتەوە