بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی، رۆشنایی خستوەتە سەر هەموێتی بەرگریكردن و سەرلەنوێ خۆبنیادنانەوەو خۆخوڵقاندنەوەی هزرە بەستوەكان و نوێنەرایەتیكردنی ئایدۆلۆژی هێزی كۆمەڵگا لەبەرزترین ئاستدا، بۆیە هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە رۆڵێكی دیاریكراو و بەرچاوی بینیوە لەدینامیكی سیاسیدا كە بەرژەوەندی تەواوی هاوڵاتیانی لە ستراتیژیەتی سیاسەتی خۆیدا رەچاوكردوەو دەیكات، بەخشینی ئیرادە بەگۆڕان لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیبە سیاسیانەیە كە خاوەندارێتی سیاسەتێكی راستینەیی كردوە دژی فەسادی سیاسی و ئابوری و یاسایی دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمەكەدا.
تێڕوانین لە دامەزراندنی گۆڕان لەوەی هەنگاوێكی بەهێزە لەئاراستەكردن بەرەو ئامانجە پیرۆزەكانی ئازادی و یەكسانی هەرێمەكەو چارەسەركردنی كێشە ئابوریی و سیاسیی و ئایدۆلۆژییەكان، بەرمەبنای سیاسەتی گۆڕان جەختی لەسەرئەوە كردوەتەوە كە لەرێگەی سیاسەتێكی دیموكراسیانەوە لەهەر قۆناغێكدا سەرلەنوێ دیسپلینی هزرە بە شكۆی مرۆڤایەتی بەپێی پێویستی رۆژگاری كۆمەڵگا لە میانی پێڕەوكردنی پێوانە گشتییەكانی دیموكراسیەوە، بۆیە ئەبێت لەپاڵ ئەمانەشدا گۆڕان سیستەمی پەرەوەردەیی بەبنەما بگرێت وەك یەكێك لەپرەنسیبە رەهاكانی بۆ پێگەیاندنی كادیری پێویست، دەشێ ئەم كادیرانە لەرێگەی ئەم سیستەمەوە ئامادەبكرێن بۆ ئەوەی گەوهەری سیاسی گۆڕان بەو پرۆژە بەرفراوانەی كە هەیەتی زیاتر بە بایەخ و ئەنجامگیر بكرێت .
لە دایكبونی گۆڕان لە كاتێكدابو كە ژیان لەم هەرێمەدا بەدەست هێزە دۆگماتیكراوەكان لە پەلەقاژەی لەناوچوندابو كە ببوە هۆی هێنانەكایەی رەوشێك كە كۆمەڵگا توانای ئافراندنی سەنتێزێكی وەهای نەبێ لە ئاراستەكردنی چاودێری و بەدواداچونی دەسەڵات، لەگەڵ دامەزراندنی گۆڕان سەرلەنوێ وزەی شاراوەو ئاسۆی كۆمەڵگا لە میانی هەڵسەنگاندنێكی رەهاوە گەوهەری چارەنوس ئامێزی خۆی وەرگرتوە، بۆیە هەمیشە دەسەڵات شیمانەی هێرشكردنەسەر ئەم بزوتنەوەیەی هەبوە چون بەهێزبونی گۆڕان دەروازەی بەرژەوەندییە حیزبییەكان و سیاسیە بازرگانەكان دادەخات.
دامەزراندنی گۆڕان گرنگیەكی مەزنی هەیە لەوەی هەنگاونان بەرەو گۆڕانكاری لەرێگەی پراكتیزەكردنی سیاسەتەكانیەوە هەمیشە ئومێدێك بوە بۆ بەدیهاتنی رێنسانس و ریفۆرم و هاویشتنی هەنگاو بەرەو گۆڕانكاری كە ئەبێتە بناغەی سەرهەڵدانی سیاسەتێكی ئەڵتەرناتیڤ لە هەرێمەكەدا لە میانەی پێڕەوكردنی ئەو سیاسەتەی لەسەری دامەزراوەو رێڕەوی ئەو رێگایە دیاری ئەكات كە ئەو سیاسەتە ئەڵتەرناتیڤە بەجۆرێك بێت كە گرێكوێرەكانی سیاسەت و حكومرانی بكاتەوەو كۆمەڵگا بێهێنێتەوە سەر سیستەمێكی یاسایی و بەرەو سیاسەتێكی راستینەیی راكێشی بكات.
بێ هێزبون و لەپەلوپۆكەوتنی دەزگا سیاسی و حكومییەكان دامەزراندنی گۆڕانی كرد بەپێویستیەك كەوا هەنگاوەكانی گۆڕانكاری و ریفۆرمی سیاسی لەسەردەستی بیرمەندێكی وەك نەوشیروان مستەفا هەڵسەنگێنێت كەبڕوای وابو دیموكراسی سیستەمێكی بێ پرەنسیبی وەهانییە كە هەر لایەنێكی سیاسی بەپێی بەرژەوەندییەكانی خۆی شرۆڤەی بكات كە تەواو پێچەوانەی بەهاكانی دیموكراسیەكی هاوچەرخە.
بەوپێیەی هەرجۆرە پشتگیرییەك لەم بزوتنەوەیە ئەگەر تاڕادەیەك بەپێی داخوازی هەموكەسێك نەبوبێ سەرەرای ئاستەنگیە زۆرو هەمەجۆرەكانی دەسەڵات، رێگاچارەیەكی گرنگە لەمیانی ئەو هەڵوێستە تیۆری و كرداریانەی بەپێی رۆژگاری سەردەم پێ بە پێ بایەخدارترئەكات بۆ ئەوەی هەرێمەكە دەرفەت و تواناكاری و پێشخستنی خۆی بێنێتە ئاراوەو لەو سۆنگەیەشەوە گۆڕان رۆڵێكی بێ هاوتای خستوەتە ئەستۆی خۆی كە لە هەموی گرنگتر ئەو دەرفەتە سیاسی و یاساییە كە رێگا لەپێش كۆمەڵگا ئاوا ئەكات بۆ گەیشتن بەهۆشیاری راستینەیی خۆی بگات و هەر لەمیانی ئەو هۆشیاریەشەوە بەرگری لەمافەكانی خۆی بكات، هەمو ئەمانەش وایكردوە دروست بونی گۆڕان پێویستییەكی سیاسی و نەتەوەیی دەست بەر لێنەدراوبێت لەهەرێمەكەدا.
907 جار خوێندراوەتەوە