كورد لە بەرداشی تورکیا و ئەمریکادا

كورد لە بەرداشی تورکیا و ئەمریکادا

لەم رەوشە ھەنوکەییە ئاڵۆزەدا، ھەوڵێکی ناوچەیی ھەیە، بۆ ئەوەی کوردان كاریگەرییەكی بەهێزی وەهایان نەبێت كە وەك حەقیقەتێك گوزارشت لە خۆیان بكەن و لە بواری سیاسیشدا ئازاد بن و رۆڵێكی مەزن لە پەرەسەندنی مانادارترین بونەكانی ئەم گەردونە ببینن وەك نەتەوەیەك لەمیانەی كاروانی ئازادی و دیموكراسی و سۆسیالیزمەوە خۆیان جێگیر بكەن و رێگای ژیانی راستەقینە ئاواڵا بكەن . كاتێك سەیری ئەو گۆڕانكاری و روداوانە بكەین كە هاتونەتە ئاراوە نەتەوەی كورد گرێدراوی حیسابە ستراتیژی و هەژمونگەراییەكانی دەرهەق بە ناوچەكە كراوە لە پێناوی ئاسایشی سیستەم و پێداویستی پەتڕۆڵی ئەو هێزانەدا ،بۆیە لای توركیا وا وێنا ئەكرێت كە ئەو هێزانە دەستبەرداری ناوكی دەوڵەتی نەتەوەی كورد نابن و هەرچییەك لەپێناو بەهێزكردنیدا پێویست بێت ئەنجامی ئەدەن و بەو هۆیەشەوە كوردستان و كوردان وەك واقیعێكی دینامیكی بەهێز جێگای خۆیان ئەگرن . وابەستەیی و درێژەدانی دەسەڵاتی ئاكەپە لەم ساڵانەی دواییدا لەسەر دو بنەما ئەنجامدراوە كە یەكێكیان برینی دەستی سوپایە لەدەسەڵاتی سیاسی كە ئەمەش جگە لە ئیدیعایەك زیاتر هیچی دیكە نییە ئەوەی دیكەشیان بەكەرهێنانی ناوی كوردانە كە خۆی لە چارەسەری بە حەقیقەتی كوردەكانەوە وەرناگرێت و ئەو جۆرە بانگەشەیەی دەسەڵاتیان بە بەراورد بە دۆخی ئێستا جگە لە ساختەكاری هیچ مانایەكی دیكەی نییە چانسی ژیان پێشكەش ناكات ، لەشكركێشی توركیا بۆ سەر رۆژئاوا و عەفرین بەتایبەت و بێ دەنگی ئەمریكا و هاوپەیمانان كارەسات و نەھامەتی بە دوای خۆیدا هێنا و كردەوەگەلێكی ناپەسندی وەک سنورنەناسی داگیركاری و تاڵانی بە دوای خۆیدا هێنا ،بەڵام ئەوەی بە شێوەیەكی سەرەكی جێبەجێكرا هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بو لەلایەن روسیاوە بەهۆی ئەو باڵادەستییەی كە هەیبوو لە ناوچەكەدا لەچاو وڵاتێكی وەك ئەمریكا بەهۆی هەندێ ناكۆكی نێوانیانەوە ،بۆیە لەم قۆناغەی دواییدا كە هەڕەشەكانی ئەردۆغان بۆ داگیركردنی خۆرئاوا و مەنبەج بۆتە شرۆڤەی ڕۆژ بەهۆی باڵادەستی ئەمریكاو بوونی سەربازەكانیان لەو ناوچانە كارێكی ئاسان نابێت بە بێ رەزامەندی و قبوڵكردنی ئەمریكا . لێرەدا دو گریمانە هەیە : یەكەمیان ئەوەیە ئایا ئەمریكا و هاوپەیمانان ئەو بەرژەوەندیانەی پێشتر لەسەر بنەمای نكوڵیكردن لە كوردان بەدەستیان هێنابوو ئەبێتە هۆكاری پارێزگاریكردن لێیان یاخود كوردەكان لە پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماسییەكان هەرگیز جێگای باس نابن ، دوەمیشیان ڕەنگە شرۆڤە كردنی ئەم هەڕەشەو روداوانە خۆی لە سەركەوتنی ئاكەپە لە هەڵبژاردنەكان و لێزانی ئەردۆغان و پارتەكەیدا بێت لە یارییەكی پروپاگەندەییدا . لە كۆتاییشدا تاوتوێكردنی ئەو هەژمونگەراو هێرشە نوێیانەی توركیا سەبارەت بە رۆژئاواو سەركوتكارییەكانی ناخۆی باكوری كوردستان و تەنانەت هێرشە ناوبەناوەكانی كوردستانی باشوریش لە روانگەی توركیاوە بەواتای ئەوەی كە كوردەكان خاوەنی هیچ پێگەیەكی یاسایی و دەستوری و جوگرافی تایبەت بە خۆیان نین،بۆیە نەبونی هەڵوێست هاودەنگی لایەنی هەرە مەترسیداری مەسەلەكەش لەوەدایە كەیان بە هیچ شێوەیەك كوردی رێكخراو و هوشیار لەئارادا نین یاخود بونیادنانی نیشتمانپەروەری و نەتەوایەتی و كۆمەڵگابوونی كوردان لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیا بە دۆخی گریمانەیی گەیەنراوە .

1070 جار خوێندراوەتەوە