راپەرین وەك قۆناغێكی مێژوویی

 

ئەم راستییە چی پیشان ئەدات ؟گوزارشت لە دو ساتی هەرە گرنگی مێژوو دەكات ، كە پێكدادانی دو ناسنامەو دەسەڵاتی جیاواز نییە بەڵكو قۆناغێكە وەك بڵێی میراتێكی گەورەی مێژوویی لە پشتەوەیە ،كە ئەو شێوەگرتنە لە دەسەڵاتدارێتییە لە نێوان بیری بەعسیزم و شۆرشگێرەكانی شاخە لەدوای راپەرین كە خۆنوێكردنەوەی فشار و چەوسانەوەیەكی دیكەیە لەرێگای ئامرازی نوێی مەشروعییەتەوە كە دەمامكی شۆڕشگێرییە.

 

بۆیە ئەگەینە ئەوەی كە راپەرین هەرگیز كۆتایی هێنان بە قۆناغێكی كائیوس نەبوە بانگەشەكانی فەراهەمكردنی ئاسایش ئارامی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری بەپێی قۆناغەكانی سەردەم زۆر لە گوزارشتكردنی راستییەوە دوورەو راپەرین جگە لە ئامادەكردنی دەمامكی ئایدۆلۆژی و سیاسی بۆ هەموو جۆرە ستەمكارییەك بەلاوە هیچ ئانجامێكی ئەوتۆی لێنەكەوتۆتەوە ،

سیستەمی سیاسی و حكومڕانی دوای راپەرین نیشانی ئەدات كە شۆڕشگێرەكانی دوێنێ و كاربەدەستانی ئەمڕۆ نەیانتوانیوە ئەو عەقڵییەتە سیاسی و حكومڕانییە بەعس  دەرباز بكەن و بەهەڵە بەرێوەبەرێتی دەسەڵاتیان پێناسە كردوە ،كاتێك سەیرێكی هەڵوێست و تێزەكانیان بكەی لە نێوان پیش راپەرین و دوای راپەرین تەواوی ئەو راستیانە ئاشكرا ئەبێت كە گەورەترین درۆزانی شۆرشگێڕی بون و جیاوازییەكی ئەوتۆیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پێش راپەرین نییە ،ئەگەر جیاوازیش هەبێت ناوەرۆك و چۆنێتی تیۆر و كرداری حكومڕانی نەگۆڕییەوە تەنها سیستەمێكی ستەمكاری عەرەبی بە كوردی گۆڕیوە ،

ئەگەر راپەرین بە مانای رۆژێك بێت بۆ ئازادی و نەمانی چەوسانەوەی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆری وەك رژێمی بەعس ،ئەوا بۆ گەل جگە لە یۆتۆپیایەك (خەیاڵ ) هیچی دیكە نەبوەو بە پێی پێویست ئازادی و یەكسانی و دیموكراسی  بەدوادا نەهاتوە تەنها بۆ دەسەڵاتی حیزبی ئەوانەی لەسەرو یاساوەن بوە بەدەستكەوت ،هەرچی دیموكراسیشە وەك ئامرازێكی خاوكردنەوەو درێژەدان بە دەسەڵاتیان ئەبینرێت و هەر لەسەرەتاوە لە ئەجێندای سیاسەت و دەسەڵاتیان بەدەر نراوە ،

ئەبێت ئەوە لەبەرچاو بگیرێت كەئەندازیار و نەخشە دارێژەری راپەرین ( نەوشیروان مستەفا )بوو كە بەئەركێكی مێژویی و سیاسی خۆی ئەبینێت ،كە پێی وابو كوردستان لەهەلومەرجێكی هەستیاردایە كە لەهەموكات زیاتر بەرێكخستەیە بۆ ئەوەی بە مافەكانی خۆی بگات و رزگاری بێت لەژێردەستەیی ،ئەمەشی وەك حوكمێكی پەیرەوی دیموكراتیانە ئەبینی بۆ سەربەخۆیی هەرێم و ناوچە كوردنشینەكان ،بەڵام پێشوازینەكردنی هەندێ سەركردەو پارتی سیاسی بۆ ئەو سەردەمەی راپەرین  كاری نەكردە سەر سوربون و هەڵوێستی بەرفراوانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان  تاسەرەنجام  راپەرین ئەنجامدرا ،

 ئەوەی مایەی نیگەرانییە سەرانی دەسەڵاتی كوردیی كەلەدوای راپەرینەوە نەیانتوانیوە یان باشتر بڵێین خواستی ئەوەیان نەبوە گەل لەناو یەكسانی و ئازادی ببێتە خاوەن ژیانێكی شاییستەو بەرهەمەكەی  بۆ هەموان بێت ،لەم واتایەدا مێژوو خاوەن سروشتێكە هەڵە ناكات  و وەڵامی پرسیارەكانی بۆچی راپەرین كراو ئەنجامەكانی چی بون لە خۆ ئەگرێت ،تا بتوانرێت لەرێگەی وەڵامی پیویستەوە بەرجەستەكردنی ئازادی و دیموكراتیەوە لەرێگای هەوڵدان و گۆڕانكاری لە سیستەمی سیاسی و حكومڕانی لەقۆناغەكانی داهاتوو بكرێت بە واقعێك .

973 جار خوێندراوەتەوە