تێڕوانین و گەڕانەوە لە مێژوی حكومڕانی عێراق ئەمانگەیەنێت بەوەی كە هەمیشە دەسەڵاتدارانی كاریان بۆ ئەوە كردوە كورد وەك نەتەوەیەك نەناسرێت و بەهەرجۆرێك بێت رێگربن لە بەدەستهێنان و پێشخستنی دۆزی كوردیدا، تەنانەت بەكارهێنانی دوبەرەكی كوردان لەنێو خۆیاندا یەكێكی دیكە بوە لە هۆیەكانی رژێمە یەك لەدوای یەكانی عێراق بۆ نانەوەی دوبەرەكی و پشێوی كورد بەجۆرێك كە دەرفەتی تیۆری و كرداریان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانیان نەگاتە ئاستێك كە لە چوارچێوەی نەتەوەیەكی كاریگەردابن لەناوخۆو دەرەوەدا.
بەبێ زیادەڕۆیی ئەو پلانگێڕییانەی دژی كورد بەكارهێنراون ئامانجگەلێكی لەخۆگرتوە لە بەكارهێنانی بێبەزییانەی رۆڵی كورد لەپێناو مەبەستە ستراتیژییەكانیان دودڵییان نەكردوەو كوردیان لەپێناو ئامانجەكانی خۆیان بەكارهێناوە، هۆكاری ئاماژەكردن بەو كورتە مێژوە بەئامانجی خستنەڕوی پەیوەندی و پیلانگێڕییەكانی رژێمە دەسەڵاتدارەكانی عێراقە، سەرەتای نەهامەتیەكانی كورد لەرێگای ئەو هاوپەیمانێتیەوە هاتوە كە كوردستان دابەشكراوە بۆ چوار پارچە، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ جێی باسە هەرێمی کوردستانە كە بێبەش نییە لە سیاسەتە هەژمونگەراییەكانی وڵاتانی وەك ئەمەریكاو ئێران كە هەریەكەو ئەیانەوێت چارەنوس و گۆڕانكارییەكان بەپێی پێویستی ئامانجەكانیان ئەنجامگیربكەن.
دوا حیسابكارییەكانی هەژمونگەرایی ئەمەریكاو ئێران بەهۆی ئەو ئامانجانەی كە هەیانە ئەبێتە هۆی مەوداخستنە نێوان هێزە عێراقیەكان و بگرە هەڵگری ئەنجام گەلێك زۆر لە دۆخی ئێستا مەترسیدارتر بێت، دواحیسابكارییەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق ئەوەیە كە ئەگەر ئێران لەناوچەكەشدا بمێنێتەوە رازی نابێت بەو سیستەمە هەژمونگەراییەی و هەوڵی سنورداركردنی ئەدات، ئەوەش پێویستی بەوەیە ئێران دەستبەرداری كاریگەرییە هەرێمییەكەی تەوەری شیعەگەرێتی ببێت، بۆیە پەسەندكردنی دۆخێكی بەم جۆرە لەلایەن ئێرانەوە مانای مردنی دەسەڵاتێتی بۆیە ئەگەرێكی دورنییە دۆخی هاوسەنگیە ناجێگیرەكەی ئێستای عێراق ماوەیەكی درێژ بەردەوام نابێت.
لەم حاڵەتەدا پێگەی كورد لەدۆخێكدایە ئەنجامی هاوسەنگی لەدژی یان بەرژەوەندی كام بەرە یەكلادەكاتەوە، واتە ئەگەرێكی بەهێزە كە ئەنجامەكانی بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەكانی هەرلایەنێكیاندا بێت، بۆیە سەرەتا كورد بەرلەوەی راپێچی ئەو دۆخە ناكۆكە بكرێت كە تەواو بە دوڕیان گەیشتوە رێگا لەپێش هاوپەیمانێتیەكی نوێی هێزە ناوخۆییەكانی خۆی بكاتەوە چون پەرتەوازەبونی هێزەكان هۆكارێك ئەبێت كە كورد كاریگەریەكی ئەوتۆی نەبێت و لەكاتی پێویستدا ببێت بەبابەتی مامەڵەو هەراجكردن بەپێی ئەزمونەكانی پێشو.
1147 جار خوێندراوەتەوە