یەکەم شۆڕشگێڕ و مێژوونوسە، خاوەندارێتی ڕاپەڕین و شۆڕشی لە مۆرکی کەسی و تایبەتەوە گۆڕی بۆ موڵکی گەل.
راپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 بە وەرچەرخانێکی گرنگ و دیار دادەنرێت لە مێژووی خەباتی نەتەوەی کورد بەگشتی و گەلی کوردستان لە باشوری کوردستان بەتایبەت . رووداوێکە بە هۆی گرنگی و لێکەوتەکانی ودەرەنجامەکانی بوە بە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی گەلی کورد.
ئەوەی مەبەستمە باسی لێوە بکەم هۆکارەکانی راپەڕین و دەرەنجامەکانی دوای راپەڕین نیە، بەڵکو ئەوەی ئامانجەکەمە بتوانم شیکردنەوەیەک بۆ رۆڵی (رەوانشاد نەوشیروان مستەفا) بکەم وەک نەخشە داڕێژەر و ئەندازیارو کاراکتەری سەرەکی راپەڕین و جێبەجێکاری راپەڕین و لە پاڵ ئەمەشدا خۆ دەرنەخستن و خۆ بە پاڵەوان نەکردن و بەکەسی نەکردنی راپەڕینەکە.
راپەڕینی بەهاری 1991 یاخود راپەڕینی باشوری کوردستان ئەگەرچی دۆخی ناوخۆی عێراق و ناوچە کە و نێودەوڵەتیش لەباربوون و کوڵانی ناوچەکە بوو، بەڵام هەر لە خۆوە و خۆڕسکانە نەبوو، بەڵکو پلان بۆ داڕێژراو و ئامادەکاری بۆ کراوبوو لەلایەن سەرکردایەتی شۆڕشی ئەوکات و لەناویشیاندا بەسەرکردایەتی و رابەرایەتی خودی نەوشیروان مستەفا ئەمین. بەتایبەت دوای جەنگی عێراق- ئێران و شاڵاوەکانی ئەنفال و هەڕەشەکانی رژێمی دەسەڵاتداری بەعسی عێراق بۆ دەوڵەتە دراوسێکانی و لە دواجاریشدا هێرشکردنە سەر وڵاتی کوەیت و هەڕەشەکانی هاوپەیمانان بۆسەر عێراق. هەموو ئەمانە هۆکاربوون بۆئەوەی بەرنامە رێژی خێرا و بەرنامەیەکی تۆکمە دابنرێت بۆ ڕاپەڕین و بەگژداچونەوەی رژێمی بەعس کە دەمێک بوو زوڵم و زۆرداری بەرامبەر بە گەلی کورد گەیشتبوو بە ترۆپک. بە پێی هەموو بەڵگە نامەکان بیرکەرەوەوداڕێژەری هەموو ئەم بەرنامانەی بۆ راپەڕین دانران دەگەڕێتەوە بۆ خودی نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە.
بە وردبونەوەی تەنها چەند لایەنێکی ئامادە کاریەکان بۆ راپەڕین دەگەین بەو ڕاستیەی کە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ڕابەری ئەم بیرە بووە:
٭ پەیوەندیەکان / بە پێی هەموو بەڵگە نامە نوسراو و تۆمارکراو و شایەتحاڵەکانیش رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی شار و شاخ و کۆکردنەوەی هێزە پەرتەوازەکانی دوای ئەنفال لەناو شارەکان و دروستکردنی هێزی چەکداری (سرک) بەسەر پەرشتی راستەوخۆی نەوشیروان مستەفا بووە. پەیوەندی بە کەسایەتیە نیشتمانیەکان و کورد پەروەرە دێرین و دیارەکانی کورد لە شارەکان و لەلایەکی تر پەیوەندی کردن بە بەشێک لە چەکدارە کوردەکانی ئەوکاتی رژێمی عێراق و بەرپرسەکانیان بۆ هاوکاریکردن و هاندانیان تا لە راپەڕین پشتیوان بن و بەشێک بن لە ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە بۆ خودی نەوشیروان مستەفا لە رێگەی پەیوەندی کەسی و نامەوە. جگە لە پەیوەندیکردنی بە سەرکردایەتی بەشێک لە سەرکردایەتی هێزەکانی نێو بەرەی کوردستانی و هەوڵەکانی بۆ بەشداریکردنی کارایان لەم ڕاپەڕینە.
٭ راگەیاندن / وەک ئەوەی ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان تاکە کەناڵی بیستراوی ئەو سەردەمە بوە و بە سەرپەرشتی راستەوخۆی نەوشیروان مستەفا لەم کاتەدا بەڕێوە چووە رۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە گەیاندنی ئاماژەکان و ئەو جفرانەی تایبەت بوون بە ڕاپەڕین و ئەو کاسێت و نوسراوانەی پێویست بوون لەم کاتەدا و لە رێگەی راگەیاندنەوە بۆ داوای هاوکاریکردن. لەو کاتەدا رادیۆ باشترین ئامێری بەیەک بەستنەوەی پەیوەندیەکانی شاخ و شار بوو بەتایبەت ئەو رادیۆ گەڕۆکەی لەگەڵ خودی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوو لەم کاتانەدا. جگە لە هەموو ئەو پەخشنامە و نوسینانەی گیانی شۆڕشگێڕی و یەکبوون و گیانی هاریکاری لە نێو هێزەکان پتەوتر دەکرد کە لەلایەن رەوانشاد نەوشیروان مستەفاوە دەنوسران. ئەگەر هەوان کۆکبین لەسەر رۆڵی ئەم ڕاگەیاندنە لەم کات و ساتەدا، ئەوە هەوڵ و کاریگەری سەرپەرشتیکاری ڕاگەیاندن کاریگەرترو بیرمەندانەتر دەردەکەوێت لەم سەرکەوتنە.
٭ سەربازی / هەر کات جەماوەری کوردستان دڵنیایی هەبوبێت لە پشتیوانیەکی سەربازی بەهێزوتۆڵەستێنی چیا ئاسا، ئازایانەتروچاونەترسانەتر ڕوبەڕوی ڕژێم بۆتەوە، کاتێک هێزی پێشمەرگە ڕێکدەخرێتەوەو ئامادە دەکرێن، بۆ دابەشکردن بەسەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و بەسەر چەند میحوەرێک دابەش دەکرێن لە رێگای چەند ڕەتڵێکی پارتیزانی، هۆکارێکن بۆ پاڵپشتیەکی بەهێز و هەستانەوە و دروستکردنەوەی ئومێد و ئیرادە بۆ جەماوەری کوردستان. هەموو ئەو شانە چەکدارانەی لەناو شارەکان لە لایەن ئەو پێشمەرگانەی لە ژێر دەسەڵاتی رژێم چەکیان دانابوو وە هەموو رێکخستنەکانی پێشوو و بەردەوامەکان و هەموو پارتیزانەکان و رەتڵە جیاواز جیاوازەکانەوە، کە سەپەرشتی دەکران لە لایەن خودی (نەوشیروان مستەفا) وە. وە هەر جوڵەیەکی سەربازی بە ئاگاداری ئەو بەڕێوە چوە و بەفەرمانی ڕاستەوخۆی داڕێژەری ڕاپەڕین بووە.
تەنها بە گەڕانەوە بۆ ئەم سێ لایەنەی پێکهێنەری ڕاپەڕین ئەوە دەسەلمێندرێت کە راپەڕین بە بیر و کارکردن و فەرمانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەستیپێکردووە، بەڵام ئەوەی مایەی تێڕامانە بەشێکی زۆری باس و خواسی ئامادەکاری بۆ ڕاپەڕین و لە دواجاریشدا جێبەجێکردنی لە کاراکتەری ترەوە پێمان گەیشتوە نەک لە خودی نەوشیروان مستەفا، کە هەر یەکێک لەو کاراکتەر و شۆڕشگێڕ و بەشداربوانەی راپەڕین لە باسکردن و گێڕانەوەی مێژووی راپەڕین بەبێ ئاماژەدان بە رۆڵ و کاریگەری نەوشیروان مستەفا نەیانتوانیوە باسەکەیان تەواو بکەن و ئەو راستیەیان خستۆتەڕوو، کە لە دواجاردا هەموو فەرمانەکان لە ئەوەوە وەرگیراون.
ئەوەی لای من مایەی تێڕامانە و شایەنی قسە لەسەر کردنە، بۆچی خودی نەوشیروان مستەفا بۆ جارێکیش هەموو ئەمانەی بەتەنها نەکرد بە مووڵکی کەسی؟
بۆچی نەوشیروان مستەفا پێش هەمووان و وەک یەکەم سەرکردە دەڵێ خەڵک راپەڕینی کرد؟
بۆچی ئەم رۆڵە گرنگ و کاریگەرە لە رۆڵی تاک و گروپ و لایەنێک و هێزێک کورت ناکاتەوە و دەیکات بە رۆڵێکی گشتی و دەیکات بە موڵکی گەلێک؟
بۆچی وەک یەکەم کەس و وەک ئەندازیاری راپەڕین خاوەندارێتی ئەم قۆناغەی مێژووی کورد دەگێڕێتەوە بۆ جەماوەر و گەلی کوردستان؟
ئەگەر بە لاپەڕەکانی مێژووی کورددا بچینەوە زۆری شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد بە ناوی کەسایەتی و رابەران و ناوچەکانەوە بووە، لەگەڵ ئەوەی نمونەی (یەکێتی کوردانی) شۆڕشەکەی شێخ عوبەیدوڵای نەهری و ( خۆیبوونی) سەردەمی احسان نوری پاشا و چەندانی ترمان هەیە، بەڵام لە دواجاردا شۆڕشەکە بەناوی کەسایەتیەکەوە ناونراوە.
دەتوانم بڵێم لە مەشدا نەوشیروان مستەفا پێشەنگ بوو بۆ خزمەتی مێژووی گەلی کورد، نەوشیروان مستەفا نەک هەر خۆی نەکرد بە پاڵەوان و ئەندازیاری ڕاپەڕین، بەڵکو بە ئینسافەوە ڕێگری کرد لە بەخشینی مۆرکی کەسی و ناوچەیی و هێز و لایەنێکی تایبەت و بەرەو عەشیرەت بە راپەڕین و هەموو خەڵکی کوردستانی کرد بە خاوەنی ڕاپەڕینی گەلی کورد لە باشوری کوردستان .
ئەو دەیتوانی مۆرکی کەسی یا حزبی بدات بە داینەمۆ و داڕێژەری ڕاپەڕین، بەڵام مۆرکی نەتەوەیی و گشتی پێدا.
ئەو دەیتوانی مۆرکی بەرەی کوردستانی پێبدات و بیکات بە موڵکی بەشێک، بەڵام بە بەخشینی مۆرکی جەماوەری هەر تاکێکی کرد بە خاوەنی ئەم قۆناغە پیرۆزەی مێژووی گەلە کەمان.
1138 جار خوێندراوەتەوە