(پول)ـەکەی هەرێم و هاتنی پاپا، ترس یا بیانوگرتنی تورکیا؟

تائێستا ئەگەر پێمانوابوبێت تورکیا میراتگری دەوڵەتی عوسمانیە و دەیەوێت هەمان خەونی دەوڵەتی عوسمانی و سوڵتانەکانی عوسمانی بەدیبهێنێت یاخود زیندویان بکاتەوە، ئەوا بۆ کورد و کێشەی کورد جیاوازتر و  سەرسەختتر لە هەوڵی زیندوکردنەوەی خەونی داگیرکردن و چەوساندنەوە و سەرکوتکردن بوە و دەبێت.

بابەتى (پول)ـەکە و هاتنی پاپا نەک هەر ئەم بیرکردنەوەی چەسپاند، بەڵکو قوڵتری کردەوە، دەوڵەتی تورکیا لەئێستادا لە دوو بابەتی فرە رەهەند نیگەرانە و یەکێک لەو بابەتانەى کردوەتە بیانوی دەربڕین:

یەکەم: هاتنی پاپا  بۆ عێراق و کوردستان و کاریگەری و کاردانەوەکانی سەردانەکە و کۆبونەوەکانی لەگەڵ گەورە مەرجەعی شیعەکان و سەردانی ناوچەی موسڵ و ناوچە شوێنەواریەکانی سوننەکان و کۆنەبونەوە لەگەڵ لایەنێکی دیاریکراو وەک سوننە کە لە بنەڕەتیشدا مەرجەعێک و کۆکەرەوەیەک بونی نیە بۆ کۆبونەوە.

دوەم: بابەتى پول و نەخشەیەکی کوردستان لەسەر (پول)ـەکان کە بە شێوەیەکی فەرمى لەلایەن وەزارەتێکی حکومەتی هەرێمەوە دروستکراوە، ئەمەش بۆخۆی جگە لەوەى جۆرێک لە فەرمی بونی نەخشەیەک کە وەزارەتێک دروستی کردوە؛ ئەوەندەی تر پەیوەندی هەیە بەوەى کە لە کاتێکی دیاریکراوی وەک سەردانی پاپا فرەنسیس دروستکراوە و لەهەمان کات و بۆ هەمان مەبەست خراوەتەڕوو.

نیگەرانیەکانی دەوڵەتی تورکیا لە خاڵی یەکەم وەک دەوڵەتێکی موسڵمان و حوکمداریکردنی ئێستای ئاکەپە و بیری ئەردۆغانیانە و حزبێکی ئیسلامی حوکمڕان چەند پەیوەندی بەدژایەتی کردنی بابەتى کورد و شیعەگەرایی هەیە، ئەوەندەش پەیوەندی بە راکێشانی سۆز و عەتفی ئاینی وەک موسڵمان و عەتفی سوننە وەک  مەزهەب هەیە، بەشێوەیەکی  شاراوە و ناڕاستەوخۆ بۆ خۆ بە برا گەورە زانین و بە مەرجەع زانین لەلایەن حکومەتەکەی ئاکەپەوە.

بەهەمان شێوە نیگەرانی لە خاڵی دووەم و لە نیگەرانی پول و نەخشەی کوردستان جگە لە دژایەتی گەلی کورد، بە ئاگا هێنانەوەی بیری ناسیۆنالیزمی عەرەبیە بۆ دروستکردنی کۆدەنگیەکی بەردەوام بۆ دژایەتی کردنی کورد و سەرکوتکردنی بەردەوام.

ئەوەی مایەی تێڕامان و سەرنجە کە لە هەمان کات دەبێت بە بەڵگەی بەهێز کە دەوڵەتی تورکیا تەنها میراتگرێکی دەوڵەتی عوسمانی نیە، بەڵکو بیری دەوڵەتی عوسمانی و سوڵتانەکانی عوسمانی بۆ ژێردەستەیی و ژێردەستەکردنی نەتەوە بێ دەسەڵاتەکانی تێپەڕاندوە، چونکە لە سەردەمی حوکمڕانی بەشێک لە سوڵتانەکانی عوسمانی، میرنشینەکانی کورد لە نێوانیان میرنشینەکانی (سۆران، بۆتان) ڕێگەیان بەخۆیانداوە  نەک پول دروستبکەن و سەربەخۆیانە مامەڵەبکەن، بەڵکو ئازایەتی لێدانی سکە (دراو)یان هەبوە.

 بەراوردکاری سەردەم و قۆناغەکان و شێوازی حوکمڕانی و ژێر دەستەیی تەواوەتی ئەوکاتەى کورد بۆ دەوڵەتی عوسمانی و هەرێمێکی سەر بە عێراق و جیا لە تورکیای ئێستا، زۆر جیاواز و تایبەتترە بەتایبەت ئەگەر سەیری نفوز و دەسەڵاتی وڵاتە زلهێزەکان لەناوچەکە بکەین  و بابەتی ماف و ئازادی و دیموکراسی و مافی چارەنوسی گەلان و ئەو پێشکەوتنە ژیاریەی ئێستا لە بواری گەیاندن و تەکنەلۆجیا و بیری نوێی دوور لەبیری کۆنە پەرستی و کۆتایی هاتنی سەردەمی داگیرکاری و بەسەرچونی ئیمڕاتۆریەتەکان بەراوردبکەین، ئەوا جێگای سەرسوڕمانە بەم هەموو جیاوازیانەی ئێستا و رابردوو کەچی ئێستا دەوڵەتی تورک هەر بەوە ناوەستێ سنور ببەزێنێ، هەر بەوە نەوەستاوە ببێ بە هاوبەش لە بواری نەوت و داهاتی نەوتی و دەست لە کاروباری ناوخۆیی وەردان و بۆردومانکردنی خەڵکی مەدەنی تەنانەت ناهێڵێت پولێکی مامەڵەش کە نەخشەیەکی کوردستانی لەسەرە لە هەرێم بەکاربێت و کاری پێ بکرێت.

پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا ناتوانین پارێزگاری لە پولێکی نەخشەداری کوردستان بکەین؟

377 جار خوێندراوەتەوە