ئیرادە هێز دروست دەکات نەک چەک

هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لە ١٢ ی ٥ ی ٢٠١٨ و ئەنجامە بەراییەکان ئەوەی سەلماند کە یەکێتی و پارتی هێشتا دەستبەرداری تەزویر و گزی و دزینی ئیرادەی دەنگدەر نەبوون .

هەمومان ئەو ڕاستیە دەزانین شێوازی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو پاکترین و جوانترین پڕۆسەی بەڕێوەچونی دەنگدان بوو. وەک چۆن بە پێچەوانەوە ئەنجامەکانی پیسترین و پڕ تەزویرترین ڕێکخراوی دەستکاری کراوی هەڵبژاردن بوو .

دەکرێت ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەو شێوازە بە کودەتایەکی ئەلیکتڕۆنی و هاککردنی دیموکراسی, دوو لایەنی سیاسی هەرێم و شەریکەکانیان و لایەنی تری ناوخۆیی عێراقی و هێزی تری نێودەوڵەتی بەسەر ئیرادەی دەنگدەر لە هەرێم بەگشتی و دەنگدەر و  لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تر بە تایبەت ناو بنێین .

ئەوەی من مەبەستمە هەڵوەستەی لەسەر بکەم, ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ناڕەزاییەکانی دەنگدەر و لایەنە دژەکانی ئەم ئەنجامانەن . دەستکاریکردن و یاریکردن بە ئیرادە و دەنگی دەنگدەر لە لایەن چەند هێزێکەوە بوە مایەی ناڕەزایی لەلایەک و بێ ئومێدی بۆ دەنگدەرانی هەرێم لە لایەکی تر.

لەم بێ ئومێدیەی پێشوتری خەڵک و ئەم دزینی ئیرادەی خەڵک و یاریکردن بە دەنگی دەنگدەر بێ ئومێدیەکەی گەیاند بە لوتکە و وای لێهات خەڵک بیر لە چارەسەری چەک بکاتەوە. ئەوەی بوە بە باس و خواس هەڵگرتنی چەکە ئیتر ئومێدێک نەماوە بۆ چاککبون .

کەواتە پێش هەر جوڵەیەک دەبێت چی بکەین؟

 یەک / بزوتنەوەی گۆڕان و هێزە هاوپەیمانەکانی ڕێگە چارەی خۆپیشاندانی سەرتا سەری و بەردەوام و بێ پسانەوە بگرنە بەر . تا لەو ڕێگەوە دوبارە بە هەموو دنیای بڵێت ئێمە هاتوین چەک بگۆڕین بەدەنگ, لە ڕێگای ناڕەزایی سەرتا سەری و بەردەوام و بە بەرنامە ئامانجەکان دێنە دی .

دوو/ بزوتنەوەی گۆڕان و هێزەکانی تریش تا ئێستا بەڕەسمی و وەک حزب لە هەرێم داوای خۆپیشاندانیان نەکردوە, ئیتر کاتێتی لێرەوە وەک حزب و بەڕەسمی داوای خۆپیشاندان بکرێت, ئەو کات هەم گۆڕان و هەم هێزەکانی تر بەڕەسمی و بە ئاشکرا خاوەندارێتی خۆ پیشاندانەکان دەکەن. بە داواکردنی ڕەسمی خۆپیشاندان جگە لە بەرهەمداری بۆ گەڕانەوەی دەنگە دزراوەکان, ئیرادەیەک و هەڵوێستێکی تر لای دەنگدەر دروست دەبێت بۆ پارێزگاری لە دەنگەکانیان .

سێ / لە نەبونی هیچ ئەنجامێک بۆ دەنگی دزراو باشترین چەک بۆ دژایەتی کۆمیسیۆن و دەسەڵاتی بەغدا و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی عێراقە, جگە لە بەردەوامیدان بە ناڕەزاییەتیەکان, لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێم و دروستکردنی لۆبی بەهێزی کوردانی تاراوگە هەر لە ڕێگای حزبە ناڕازیەکان و دۆست و لایەنگرانیان .
وە لە ڕێگای ئازادیخوازان و دیموکراسی خوازان و ڕێکخراو و کەسە مرۆڤ دۆستەکان, کە دەبن بە پاڵپشتیەکی بەهێز .

چوار / چەک ئیرادە دروست ناکات بەڵام ئیرادە هێز دروست دەکات, ئەو ئیرادەی لە نێو بزوتنەوەی گۆڕان و هێزە هاوپەیمانەکانی هەیە هێزێکی پڕ ئیرادەیە, ئەو هێزە پڕ ئیرادەی بە گژ هێزی چەکدار دەچێتەوە . بۆ ئێستا بیرکردنەوە لە دروستکردنی هێزی چەکدار کوشتنی ئەو ئیرادە بەهێزەی دەنگدەرە.  دەنگی بە ئیرادەی دەنگدەر فراوانتر و گوێ لێ گیراو تر و زوڵاڵ تر و بێ سنور ترە وەک ئەوەی لە هێزێکی چەکداری سنوردار.

پێنج / بە دروستکردنی هێزی چەکدار, چونمانە بەرەو یەکێتی و پارتی و لادانمانە لە ڕێباز و ڕێباوەڕی ڕەوانشاد و بیرو باوەڕەکانمان, بە مانایەکی تر بارگاوی بونمانە بە یەکێتی و پارتی و لە بری ئەوەی ئەوان بێنین و بارگاویان بکەین بە خەباتی مەدەنی خۆمان, گەڕانەوەمانە بۆ خاڵی سفری دەستپێک . جگە لە بەدەستەوەدانی زۆرترین بیانوو بە دۆستان و نەیارانمان لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق و وڵاتانی دونیای دیموکراسی .

جگە لە تۆرانی بەشێکی زۆری دەنگدەرانمان و لایەنگرانمان لەوانەی دەستیان کردوە بە خەباتی مەدەنی, لە بەرامبەر خەباتی چەکداری توندڕەوی .

شەش / کارکردن بۆ دروستکردنی کۆدەنگی بۆ بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسی عێراق لەگەڵ هێزە ناڕازیەکانی تری عێراق و لە ناویشیاندا پێکهاتە جیاوازەکان و ئاین و ئایدیا جیاوازەکان. ڕەوەندی کوردی لە ڕێگای حزبەکان و کوردبون و نیشتمانی خۆیان گرنگ و کاریگەرن لە دەرەوە ببن بە پاڵنەری بەهێز بۆ وڵاتانی خانەخوێیان تا لەم دۆخەو لەم دەنگدزینی ئیرادەیە بێنە دەنگ .

حەوت / لە کاتی بێئەنجامبوونی هەموو خەباتێکی مەدەنی و دەستبردن بۆ هەموو چڵێکی دیموکراسی و تاقیکردنەوەی هەموو ڕێگا مەدەنی و دیموکراسی و جەماوەریەکان و بەلەبەر چاوگرتنی جوڵەی هێزی میلیشیایی و حزبی بەرامبەر و گوێ نەگرتن و هەڵکوتانە سەر خەڵکی مەدەنی و بارەگا بێ چەک و جبەخانەکان, بیرکردنەوە لە دروستکردنی هێزی خۆبەخشی بەرگریکاری دەبێت بەئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئەخلاقی و مرۆیی .

لە کۆتایی هەموو تاقیکردنەوەکاندا ئەگەر کۆتایی بەم یاریە ناڕەوایە نەیەت و نەبێتە هۆی گەڕانەوەی ئیرادە و دەنگ بۆ خاوەنە ڕەسەنەکان, ئیتر ئەوانە بەرپرسن لە دروستبونی دۆخی نەخوازراوی توندوتیژی و دروستبونی گروپی چەکداری خۆپارێز و بارودۆخی شلۆق و تێکچونی باری کۆمەڵایەتی, کە هۆکاربوون لە هەموو دۆخە ئالۆز و خراپەکانی هەرێم و نوێترین ولە ترۆپک دا دزین و بردن و یاریکردن و ئەتکردنی ئیرادەی دەنگی دەنگدەر و دەوروبەری بوو .

2419 جار خوێندراوەتەوە