پارێزگاری هەولێر ڕاستگۆ بوو بەڵام بە نوکتە لێمان وەرگرت


پارێزگاری هەولێر ڕاستی گوت و ڕاستگۆیانە دوا چونکە، ئەوەی لە هەولێر دەیبینین لافاو نیە و کۆبونەوەی ئاوە.

 بەڵێ لە دەربڕیندا کۆبونەوەی ئاو بێ زیانتر دەردەکەوێت وەک ناوهێنانی بە لافاو. ئەوان پێیان وایە بەم شێوازە دەربڕینە کوردەواری گوتەنی نەک مێشێک ناکەن با گایەک بەڵکو گایەکیان کردوە بە مێشێک . بەڵام لەدواجاردا پێویستە بزانین چۆن ڕاستی کردوە کە گوتی: ئەوەی هەولێر لافاو نەبوو بەڵکو کۆبونەوەی ئاو بوو چونکە:

١- لافاو دیاردەیەکی سروشتیە و زەرەروزیانەکانیشی لە چوارچێوەی کارەساتی سروشتی ئەژمار دەکرێن و هەندێک جار لە توانای مرۆڤ و حکومەت بەدەرە و تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتوەکانیش ناتوانرێت کۆنتڕۆڵی تەواوەتی بکرێت چ جای حکومەتێکی پڕ لە گەندەڵی و بەهەدەردان و بێ خزمەتگوزاری،  کە تەنها ناوێک بێت  و شیاوی حوکمداری نەبێت.

٢- کۆبونەوەی ئاو و زیانگەیاندن واتە  نەبونی ماستەر پلان و بێ توانایی دام و دەزگاکانی حکومەت و شکستی حوکمڕانی و بێ پلانی لە ڕابردوو و بێ بەرنامەیی لە ئێستا و داهاتوش.

ئەگەر  بێ پلانی و بێ توانایی و ناشارەزایی و تەنها بەهەدەردان و  پڕۆژەی ڕوکەش نەبێت چۆن ئاو کۆدەبێتەوە؟

چۆن دەبێت ئاو کۆببێتەوە و پایتەخت ئاوەڕۆی نەبێت یا ئاوەڕۆکان وا دروستکرابن لەناو شار و گەڕەکەکانی پایتەخت زیان بە ماڵ و موڵک و کەلوپەل و ڕێگاکانی هاتوچۆی هاوڵاتیان بگەیەنێت.

کۆبونەوەی ئاو لە ناو جەرگەی شار و گەڕەک و شەقامەکان واتە بێ توانایی لە ئیدارەدان و فەشەلی حوکمڕانی. بەڵێ لافاو نەبوو بەڵکو کۆبونەوەی ئاو بوو،  کۆبونەوەی ئاویش بەهۆی بارانێکی نیو کاتژمێری واتە نەزانی و ناشارەزایی و نەبوونی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ هاوڵاتی و خاک و نیشتمان  . واتە دووربین نەبوون بۆ ئیدارەدانی شاروخۆ بە خاوەن نەزانینی شارو هاوڵاتی و بێ بەرنامەیی لە فراوانبونی شار.

٣- بەڵێ ڕاست دەکات ئەوان وا کاریان کردوە ئاوی باران و لافاو لە ناو شارو گەڕەکەکان کۆببنەوە و دەشت و دەرو گردو تەپۆلکەکانیش دوور لە دروستکردنی بەنداو و بەربەست و پۆند بێت و بە هەدەر بڕوات و سودی نەبێت بۆ خەڵک وەک چۆن سامانە سروشتیەکانی تر بە هەدەر دەدرێت.

دەسەڵاتدارانی هەرێم  چۆن هیچیان نەکردوە تا ئاو لە شەقام و گەڕەکەکانی شار کۆنەبێتەوە ئاواش هیچیان نەکردوە بۆ دروستکردنی بەنداو و بەربەست و پۆندەکان و گلدانەوەی ئاو،  ئەو ئاوەی سەرچاوەی ژیارو ژیانی مرۆڤ و بەردەوامی مرۆڤایەتیە.  ئەو سەرچاوە نیشتمانیە لە ناو  شارو گەرەکەکان کۆدەکەنەوە بەڵام لە دەشت و چۆڵەوانی بەهەدەر دەڕوا .  ئیتر ئەمەیە جەوهەری حوکمڕانی چەندین ساڵەیان.

بەڵێ ڕاستی فەرموو بەڵام ئەوە ئێمەین کە لە بری تێگەیشتنمان و لێکدانەوەکانمان وتەکانیان دەکەین بە نوکتەو بازاڕی سۆشیال میدیای پێ گەرم دەکەین .

بە ئومێدی سەلامەتی بۆ سەرجەم هاونیشتمانیان و پارێزراوی نیشتمان و حوکمڕانیەکی ڕەشید و خەمخۆر بۆ داهاتوو .

442 جار خوێندراوەتەوە