خوێندن و خوێندەواری ئەو بوارەی لەهەر کاتێک و قۆناغێک باسی لێوە بکەین و لێی بدوێن کاتێتی و نەنوێیە و نەکۆن دەبێت، ئەو بوارەی لەهەر کۆمەڵگایەک و لەناو هەر گەل و نەتەوەیەک، ئەگەر بە زمانێکی سادەش گوزارشتی لێبکەی هەر ئەوەیە کە، خوێندن و خوێندەواری هۆکارێکە بۆ پێشکەوتن و بەرەو پێشچون و هۆشیاری. وەک چۆن دەبێتە هۆکارێکی گرنگ بۆ خۆشگوزەرانی و ئارامی و لێکتێگەیشتن و ئاسودەیی بۆ تاکەکانی نێو کۆمەڵگا جیاوازەکان. جگە لە فەراهەمکردنی بەختەوەری لە ژیانێکی بەردەوام، بەهەمان شێوە داهاتویەکی گەش بۆ نەوەکانیش مسۆگەر دەکات.
زانست و زانیاری کە زادەی خوێندەوارین، کۆمەڵگایەکی تەندروست و ئارام و پڕ لە ڕەفاهیەت و وەک یەکی کۆمەڵایەتی و داد و یەکسانی و هەموو بوارەکانی تری ژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی فەراهەم دەکات. هۆکارێکی گرنگە کە کۆمەڵگایەک لە کۆمەڵگایەکی تر جیادەکاتەوە، تەنانەت هەڵسوکەوتی ڕۆژانەش لە نێوانی تاکەکانی کۆمەڵگا جیا دەکاتەوە. ئەگەر سەیری هەر ئاینێک بکەی جا ئاسمانی بێت یا نا ئاسمانی ئاینێک نابینیەوە کە بە گرنگی پێدانێکی زۆر باسی خوێندن و خوێندەواری نەکردبێت، کە ئێمە دەزانین ئاینەکان بۆ پێشڕەوایەتی و ڕۆشنگەرایی ژیانی مرۆڤەکان هاتونە بوون .
ئەوەی من دەمەوێت قسەی لە بارەوە بکەم گرنگی خوێندن و خوێندەواری نیە تا لە وتارێک و بابەتێکی وادا قسەی لەسەر بکەین، ئەوەی مەبەستی منە دەمەوێت لەنێوان بەکەلتوورکردنی خوێندن و بەکەلتوورکردنی خوێندنەوە لە کۆمەڵگای کوردەواری قسەی لەسەر بکەم. یا بە مانایەکی تر پرسیار بکەین و بڵێین ئایا ئێمە بە کەلتوورکردنی خوێندنمان تێپەڕاندوە تا ئێستا داوای بە کەلتوورکردنی خوێندنەوە بکەین ؟ چونکە زۆرجار لێرەو لەوێ گوێ بیستی ئەوە دەبین کە پێویستمان بە(بەکەلتوورکردنی خوێندنەوە) هەیە کە ئەمە ڕاستیەکی حاشاهەڵنەگرە و پێویستیەکی ژیاریە، بۆ ئاشنایەتی و گەشەکردن و فراوانبونی زانیاریەکانی مرۆڤ.
بە باوەڕی من، ئێستالە قۆناغێکین پێویستمان بە بەکەلتورکردنی خوێندن هەیە بەتایبەت دوای ئەو دۆخە نەخوازراوەی هەرێمی پێدا تێپەڕ بوو یاخود بڵێم تێیدا گوزەر دەکات. کە دەکرێ بەچەند خاڵێک جیا بکرێنەوە .
ئەو هۆکارانە چین کە وای کردوە دوورکەوتنەوە لە خوێندن بەرەو دیاردەبوون هەنگاو بنێ ؟ وە چۆن دووبارە پێویستمان بە بەکەلتوورکردنی خوێندن هەیە ؟
یەکەم / دانەمەزراندن و لەبەرچاونەگرتنی هەوڵ و ماندوبونی چەندین ساڵەی خوێندکار و دیارنەبوونی داهاتوی خوێندکار و بێ هیوابونی تەواوەتی لەوەی خوێندکار بیر لە وازهێنان بکاتەوە نەک بەردەوام بوون لە خوێندن. یاخود نەهاتنەوەی ناوی خوێندکاران لە زانکۆوپەیمانگاکان و دوای بڕینی قۆناغی ئامادەیی چونەوە ماڵێی خوێندکار نەک درێژەدان بە خوێندن کە هۆکارێکی گرنگە بۆئەوەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دوورکەوتنەوە لە خوێندن برەو بسەنێ نەک بەرەو خوێندن و ڕوو لە فێربوون. کە ئەمە دەکرێت بە دامەزراندن و جیاوازی نەکردن لە دامەزراندن و وەرگرتنی زیاتری خوێندکار و ڕێزگرتن لە ماندووبونی چەندین ساڵەی دەرچوان بەشێک لە نیگەرانیەکان بڕەوێنێتەوە و هاندەرێکی باش بێت بۆ دوبارە گەڕانەوەی ئومێد بە خوێندن و خوێندەواری.
دووەم / بێ ئەرزشکردنی بڕوانامە و خاوەن بڕوانامەکان ئەمە هۆکارێکی کاریگەرە کە وا دەکات بێ ئومێدی پەخش بکرێت. کاتێک خاوەن بڕوانامەیەک لەو پەڕی ژیان و گوزەرانی خراپ دایە و موچە خۆرو بڕوانامەدارەکان لە ناویشیاندا چینی مامۆستایان بەهۆی نەبونی موچەو کەمی مووچە لە ژیانێکی خراپدا گوزەر دەکەن، هۆکارێک دەبێت بۆ ساردبونەوەی خوێندکار لە خوێندن بەتایبەت کە ڕۆژانە بەریەک کەوتن لە نێوان خوێندکارو مامۆستایاندا هەیە.
کە دەکرێت بە فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بۆ مامۆستایان و بڕوانامەدارەکان لە ڕێگەی دابینکردنی موچەی شایستە و ژیانێکی شایستە هەموو ئەم نیگەرانیانە بڕەوێنرێنەوە ببێ بە هاندانێکی گرنگ بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە و پلەی باڵا .
سێیەم / جیاکاری لە شێوازی دامەزراندن و بڕی موچە، کاتێک دەرچویەکی زانکۆ یا خاوەن بڕوانامەیەک دانامەزرێ بەڵام بە پێچەوانەی ئەمە کەسانێک لە هێزە سەربازیەکان بە موچەیەکی زۆر و بەرز دادەمەزرێن، ڕێک دەبێت بە هۆکارێک بۆ ساردبونەوە لە خوێندن کە بەداخەوە ئەمە تەنها کاریگەریەکەی تەنها لەسەرخودی خوێندکار جێناهێڵێت و بەشێک لە دایکان و باوکان و کەسوکاری خوێندکاریش ئەم هۆکارە کاریگەری لەسەرکردوون.
بۆ نەمانی ئەم هۆکارە گرنگ و کاریگەرە پێویست بەوە دەکات ئەم جیاکاریە زۆر و نا واقعیە بنەبڕ بکرێت و ئەم هاندانە نەمێنێت کە خەڵک واز لە خوێندن بێنن و بەرەو هێزە چەکدارەکان ڕابکێشرێن بۆ دامەزراندن بە بێ بڕوانامە و لەم لاوەش خاوەن بڕوانامە بۆ شوێنە مەدەنی و کەرتە خزمەتگوزاریەکان چاوەڕێی دامەزراندن بکەن ئەگەر بەموچەیەکی کەمیش بێت.
چوارەم / بە پارەکردنی خوێندن یا بە ئەهلی کردنی خوێندن
کاتێک ساڵانە خوێندکارێکی زۆر ناویان لە زانکۆ و پەیمانگا حکومیەکان دەرناچێ ( جا بەهۆکاری کەمکردنەوەی ڕێژەی وەرگرتنی خوێندکار بێت یا نزمی نمرە ) هۆکارێکە بۆ ئەوەی بەشێکی خوێندکاران هەر لە سەرەتاوە بێ ئومێد بێت و ئەو بیرە لای خۆی گەڵاڵە بکات کە ئەو ناتوانێت لە زانکۆوپەیمانگای حکومی درێژە بەخوێندن بدات و توانای داراییش ڕێگرە لە زانکۆوپەیمانگای ئەهلی بخوێنێ کەواتە بوو بە هۆکارێک بۆ ساردبونەوەودابڕان لە خوێندن.
بۆیە بۆ تێپەڕکردنی ئەم بێ ئومێدیە دەبێت حکومەت ڕێژەیەکی زۆر لە خوێندکاران لە زانکۆوپەیمانگا حکومیەکان وەربگرێت ئەگەر بڕیارە خوێندن بەخۆڕایی بێت .
پێنجەم / سیستەمی پەروەردە و وەک یەکی لە خوێندن
مەنهەج و شێوازی خوێندن و تێکەڵ کردنی بە سیستەمێک کە لەگەڵ هەڵومەرجی کوردستان ناگونجێت و جیاکاری لە نێوان خوێندنگا ئەهلیەکان و خوێندنگا حکومیەکان لە ڕوی مەنهەج و سیستەمی خوێندن بەهەمان شێوە هۆکارێکی بێ ئومێدبونە. خوێندکارێک لە خوێندنگایەکی تایبەتی و مامۆستای تایبەت و دەوامی تایبەت بە بەراورد بە خوێندنگە حکومیە ئاساییەکان بەدەستهێنانی نمرەکانی تایبەت تردەبێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر خوێندکارانی تر دروست دەکات. بەتایبەتیش لە نێوان شارە گەورەکان و شارە بچوکەکان.
بۆ کۆمەڵگای ئێمە و بۆ ئێستا پێویستە ئاوڕێک لە نەهێشتنی ئەم جیاکاریانە بدرێتەوە بۆ ئەوەی گرنگی پێدان لە نێوان خوێندن لە خوێندنگایەک، بۆ خوێندنگایەکی ترو لە شارێک بۆ شارێک و لە گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی تر وەک یەک بێت نەک جیاوازی و جیاکاری مەگەر بە نمرە و هاندان بێت نەک پارە و کەرتی تایبەت.
شەشەم / هۆکاری خودی خوێندکار و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان
خودی خوێندکار و بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ئاسانی لە بەردەستبوونیان، بەهەمان شێوە هۆکارن بۆ دوورکەوتنەوە و دابڕان لە خوێندن و گرنگی دان بە خوێندن و گەڕان بەدوای زانست و زانیاری کە دەکرێت لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بەسەر ئەم بارە نەخوازراوەدا زاڵبین و بتوانین تەکنەلۆژیاو پێشکەوتنەکان لە خزمەتی پەروەردەو خوێندن و دەسکەوتنی زانست و زانیاری بەکاربێنین.
حەوتەم / ئەگەر لە پێشدا خوێندن و خوێندەواری لە مزگەوت و حوجرەکان لە شارو گوندو لادێکانی کوردستانەوە دەستی پێکردوە بۆ ئەمڕۆ خوێندن بە تەواوەتی لە لادێکان پشتگوێ خراوە، کە بەداخەوە ئەم گرنگی نەدانە بە کەرتی پەروەردە لە لادێکان وەک هەموو کەرتەکانی تر بوە بە هۆکارێک بۆ دوورکەوتنەوە لە خوێندن و هەندێک جاریش دەبێت بە هۆکار بۆ کۆچکردن لە گوندەوە بۆشار و چۆڵبونی گوندەکانی لێکەوتۆتەوە کە ئەمەیان بەداخەوە تەنها کاریگەری لەسەر خوێندن و خوێندەواری نابێت و لەسەر سێکتەرەکانی تریش کاریگەری نەرێنی جێدەهێڵێت.
بۆیە پێویستە ئاوڕێک لەم لایەنەی گرفتی پەروەردە بدرێتەوە تاک و لە لادێکان دوورکەوتنەوە لە خوێندن کۆتایی پێ بێت و بتوانرێ نەک تەنها قۆناغی سەرەتایی بەڵک و قۆناغی دواناوەندی و ئامادەییش گرنگی پێبدرێت و بکرێتەوە. کە ئەمە دەبێتە هۆکارێکیش بۆ دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ژمارەیەکی زۆری دەرچوان.
ئەمانەو چەندانی تریش کە هۆکاری کاریگەرن بۆ ئەوەی خوێندن و پەروەردە لە کۆمەڵگای ئێمە لە بری پێشکەوتن پاشە کشە بکەن و ببن بە هۆکاری کاریگەرو دیار بۆ ئەوەی خوێندکارانی ئێمە و کەس و کاریان لە بری ئەوەی بەرەو خوێندن و خوێندەواری و فێربوون هەنگاو بنێن، کەچی
1025 جار خوێندراوەتەوە