دیسان و دوبارە ئەوانەی لە حوکمڕانی ئەم هەرێمە شکستیان خواردوە دەستیان کردەوە بە هەمو ئەو قسەو قسەڵۆکانەی لە (2009)وە دەیکەن، کەچی نەیانتوانی تەنها قسەیەکیش بسەلمێنن. لەم کاتەدا کە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکانی خولێکی تری پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی لێرەو لەوێ دەبینین و دەبیستین ئەو هەوڵ و پڕوپاگەندانەن دژ بە بزوتنەوەکە لە ئێستادا، بە ئامانجی لێدان لە بزوتنەوەی گۆڕان، بێ ئاگا لە بیری بەرز و هۆشیاری بیریارانی گۆڕانکاری.
با واز لە گۆڕان بێنین:
ئەگەر خیانەتی لە یەک ئامانج و پڕەنسیبی خۆی کردوەو لە یەک هەڵوێستی پاشەکشەی کردوە، یاخود لە یەک پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی بێ دەنگی هەڵبژاردوە و لێی بێدەنگ بوە.
ئەگەر بە هێنانی سوپای بێگانە و داگیرکەر خیانەتی لە کوردو نیشتمان کردوە، یاخود بوە بە کەوا سوری بەرلەشکری داگیرکەرانی کوردستان و بوە خانەخوێیەکی باشی دراوسێکانی هەرێم.
ئەگەر کاری ناوخۆیی بزوتنەوەکە بە بنەماڵەیی کراوە و کوڕەکانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، بون بە رێکخەرو کۆبونەوەکانی جڤاتی نیشتمانی بەڕێوە دەبەن و بەشداریدەکەن، ئەگەر جڤات بوە بە شوێنێک کە گفتوگۆی تێدا ناکرێت و پڕی نیە لە بۆچون و لێکدانەوە و کارکردن بۆ یەک ئامانج بە رێگای جیاواز.
دەی فەرمون با واز لە گۆڕان بێنین ئەگەر کوڕەکانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا، خیانەتیان لە رۆحی باوکیان یا لە پەیامی باوکیان و بزوتنەوەکەشی کردوە و پاسەوان و کەژاوەی ئۆتۆمبێلی بێ شوماریان بەدوای خۆیان داوە، هەر رۆژە و لە شەقامێک و لە گەڕەکێکی شار خەڵک لەتۆز وەردەدەن و ترافیک لایتەکانی شار قەرەباڵغ دەکەن، پێویست ترین ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن لە رێگا دوادەخەن و پێشڕەوی هاتوچۆ بۆ ئەوان دەبێت و یاساکانی هاتوچۆ پێشێل دەکەن. ئەگەر لە کەژاوەی ئۆتۆمبێلە جامڕەشەکانیان خۆیان شاردوەتەوە و نازانین بە کامەیان دەڕۆن و بەکام جامڕەشی ناو کەژاوەکانیان دەگەڕێنەوە، ئەوا فەرمون با باوەڕ بکەین و دژی گۆڕان بوەستین.
ئەگەر دینارێکیان لە کوردستانەوە بردوەتە دەرەوەو لەوێ ڤێلاو کۆمپانیای شەخسیان دامەزراندوە و کەوتونەتە بازرگانیکردن لە قومارخانەو یانەو باڕەکان خەریکی بەهەدەردانی سەروەت و سامانی ئەم میلەتەن و لەهەوڵی بەهەدەردان و ناشیرینکردنی مێژوی، جوانترین و پاکترین مێژون کە خەباتی نەوشیروان مستەفایە، فەرمون با هێشتا سارد نەبینەوەو پێیان بڵێین ئێوە خەریکی کاری خۆتان بن و ئێمەش درێژە پێدەری رێبازو خەونە پیرۆزەکەی نەوشیروان مستەفا دەبین.
دەی با گۆڕان بچوک بکەینەوە، ئەگەر بوە بە یەکێتی و پارتی، یا هێزی چەکداری دروستکردوە و کوڕی بنەماڵەکان خاوەنی هێزەکەن. ئەگەر بوە بە بەڵا بۆ ئەم کۆمەڵگایە، ئەگەر گۆڕان بوە بە پردێک بۆ گەندەڵی، ئەگەر گۆڕان بوە بەو حیزبەی موچەی بۆ بەشێک لە هەڵسوڕاوەکانی لە شارەکانی کوردستان بڕیوەتەوەو توانای خۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم دەزگاکانی هەیە. دەی ئەگەر کۆمپانیای وشە چیتر تەمویلی گۆڕان ناکات و بەشی سەرەکی و کۆتایی تەمویل و دابینکاری بنچینەیی دارایی دام و دەزگا جیاوازەکانی گۆڕان نیە، با هەمو بەیەک دەنگ بڵێین ئیتر نا بۆ بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو (نا) یە دەکەین کە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ هەر کارێک کە نادادی و نایەکسانی و ناڕەوایەتی تێدا بێت، فێری کردوین.
ئەگەڕ بەڕاستی گۆڕانین و باوەڕمان بە رێگای گۆڕان و گۆڕانکاری هەیە، دەی با ئیتر هەمو ئەم شێوازە جیاوازو جۆراوجۆریەی جەنگە دەرونیانەی نەیارانی گۆڕان و گۆڕانکاری دژ بە تاقە ئومێد و هەڵتەکێنەری گەندەڵی و ریشەکێشکردنی نادادی و نایەکسانی کارمان تێنەکات و ساردمان نەکاتەوە.
با ئیتر ئەو کۆسپەش ببڕین کە نەیارانمان گرتویانە بەر بۆ بێهێزکردنمان، ئەوان ئەگەر دوێنێ بە چاوسورکردنەوە و نان بڕین و سزادان و تەزویر و هەڵڕشتنی پارەو سامان نەیانتوانی بگەنە ئامانجەکانیان و لە ڕێگا پیرۆزەکەی گۆڕانکاری و چاکسازی بمان وەستێنن، ئیتر دەبێت لەوە بەهێزتر بین بەو پڕوپاگەندانەی ئەم جارەیان باوەڕ بکەین.
ئەگەر ئێستا باوەڕ بەو قسە هەڵبەستراوانە بکەین ئەوە دەبێت کاتی خۆی باوەڕمان بەو قسانەش کردبێت کە لەسەر سەردانەکانی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بۆ پیرمام و سەری رەش دەکرا، وەک خۆی لە دانیشتنێک بە پێکەنینەوە بە یەکێک لە هەڵسوڕاوەکانی دەشتی کۆیەی گۆڕانی وت، خەڵکانێک هەبون باوەڕتان بەو قسانە کردبو کە گوایە من پارەم وەرگرتوە، ئیتر وەک پێشینان وتەنی بۆ دەبێت لە کونێکدا چەند جارێک مار پێوەت بدا، لە کاتێکدا دەزانین لە هەر وەرزێکی هەڵبژاردن پڕوپاگەندەکانی دەسەڵات بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان دوبارەو دوبارە دەبنەوە.
ئەوەندە دور نەکەوتینەوە لەم هەڵبژاردنەی گەورەترین دزینی دەنگی تێدا ئەنجامدرا، وەک چۆن ئێستا ئاسایی گەورەترین پڕوپاگەندە لە پێش هەڵبژاردنەکە لە رێگای مەکینە ئیعلامیەکانیانەوە کە خرانە گەڕ بۆ قسەکردن لەسەر کێشە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی پەرتەوازەکردنی هەڵسوڕاوان و سەرکردایەتی بزوتنەوەی گۆڕان. بینیمان چۆن گۆڕان هەڵبژاردنەکانی بەسەرکەوتویی تێپەڕ کردو ئەگەر دزینی ئیرادەی خەڵک نەبوایە، جاڕی مەرگی ساختەکاران درابو.
ئێستا کاتی ئەوە نیە گوێ بە پڕوپاگەندەکانی دەسەڵات بدەین، بەڵکو کاتی خۆڕێکخستنەوە و خۆ سازدانە بۆ سزادانی ئەوانەی دەیانەوێت بە لێدان لە بزوتنەوەی گۆڕان باری خراپی گوزەران و گەرمای بێ کارەبا و مانگی دەوامی بێ موچە و تەزویر و دزینی دەنگ و ئیرادەی خەڵک و ئەو نەهامەتیانەی بەسەر خەڵکیان هێناوە ئاڵوگۆڕ بکەن بە باس و خواسی لابەلای کێشەی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان و وەک خۆ لێکردنی بزوتنەوەی گۆڕان.
دەبێت گۆڕانخوازان ئەو خەونە نەزۆکانەی نەیارانمان لە گۆڕنێن و ئیتر کارە سەرەکییەکانی رێگای گۆڕانکاری تەواو بکەین کە بریتییە لە گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی و دابینکردنی ژیانێکی ئاسودە و لەگۆڕنانی بیری تاکڕەوی و حوکمڕانی خێڵەکی و نادادی کۆمەڵایەتی و نایەکسانی و ناشەفافی و بەهەدەردان و دزینی سامان و قوتی خەڵک و سەروەرنەبونی یاسا.
4024 جار خوێندراوەتەوە