نەوشیروانی بوون یا بوون بە نەوشیروان مستەفا؟


نوسین و قسە کردن لەسەر ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا زۆر هەڵدەگرێ, بە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی یەک لایەن لە لایەنەکانی ژیانی  و لێکۆڵینەوە لەسەر هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانی و لە هەر یەک لەو قۆناغانەش, زۆر هەڵدەگرێت .

بیرکردنەوە لە بیری نەوشیروان مستەفا خۆی لە خۆیدا دوورو قوڵە و بە ئاسانی و سادەیی تەواو نابێت . لە داهاتوی دوور و نزیکیشدا ئەمە دەبینین و دەبیستین .

ئەوەی من لێرە مەبەستمە تیشکی بخەمەسەر خودی ئەو ڕێباوەڕی و ڕێبازەیە کە هەر تاکێک بتوانێت بیگرێتە بەر و بیکات بە ڕێچکەیەک بۆ ژیانی تایبەتی خۆی, کە نەوشیروانی بوونە و لە دواجاریشدا ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بۆ سەر کۆمەڵگاو نەوەی داهاتوش ببێت .

ئەوە ڕون و ئاشکرایە کە خودا یەکجار نەوشیروان مستەفای بەکورد بەخشی, ئیتر دروستبونی نەوشیروان مستەفایەکی تر لە ئارادا نیە و نابێتەوە .

 نەوشیروانی بوون ڕێگایەکە یا ڕێباوەڕیەکە یاخود ڕێچکەیەکە هەر تاکێک لە ئێمە دەکرێت هەوڵی چون بەرەو ئەو ڕێگاو ڕێچکەیە بدەین .

بە مانایەکی تر دەکرێت هەلی نەوشیروانی بوون هەبێت, بەڵام بوون بە نەوشیروان مستەفا ئەستەم و مەحاڵ بێت .

 نەوشیروانی بوون :
نەوشیروانی بوون دەکرێت هەر تاکێک لە خودی خۆیدا بەرجەستەی بکات , لە هەڵسوکەوت , لە گفتوگۆ و گوفتار و لە حەق بێژی , لە نوسین و لە وانە بێژی , لە کاری سیاسی و ئیداری و حوکمڕانیدا ,  لە دەستپاکی و داوێن پاکی, لە بەگژاچونەوەی ستەم و زوڵم و چونەوە بە گژ مەحاڵدا, بیری ئازاد و سەریح لە ڕادەربڕین, لە ژینگە دۆستی و هەژار دۆستی و خاکی بوون و سادەیی ژیان . لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و شێوازی ژیان .

دەکرێت لە ڕێگای بە نەوشیروانی بوون فێربین بۆچی دەژین و لە پێناوی چیدا بژین,   چۆن دەمرین و لە پێناوی چیدا بمرین . نەوشیروان مستەفا بەدەم ڕێگایەکی پیرۆز  گوڵی دەچنی, کامە ڕێگاو کام گوڵ چنین؟

ئەو بەدەم شۆڕش و خەباتەوە لە هەوڵی نوسینەوەی مێژوودا بوو, ئەو بەدەم بەگژداچونەوەی دکتاتۆریەت و زوڵم و زۆری دوژمنانی کورد, لە هەوڵی نوسینەوەی سەروەری نەتەوەیەک دابوو . نەوشیروان مستەفا بەدەم ڕێگای رزگاری و ئازادی لە هەوڵی ناساندنی کلتور و فەرهەنگ و مێژوو و جوگرافیای نەتەوە و نیشتمانێک دابوو.

ئیتر نەوشیروانی بوون بریتیە لە چاونەترسی و کۆتایی هێنان بەترس, نەوشیروانی بوون بریتیە لە دروستکردنی ئومێد لە بێ ئومێدیدا, جۆشدانەوە و هەڵسانەوەیە, دروستکردنی ئیرادەیە لە نەمانی ئیرادەدا.

نەوشیروانی بوون ,نا, یە بەرامبەر نایەکسانی و نادادی کۆمەڵایەتی و نا دادپەروەری . نا یە بەرامبەر گەندەڵی, نا یە بەرامبەر بە بنەماڵەیی کردن . نایە بەرامبەر برسیکردن, نا یەکی گەورەیە بەرامبەر کورسی حوکمڕانی ناڕەوا و پشتاوپشت و هێنانە پێشی کوڕ و کوڕەزا و برازا .

نەوشیروانی بوون دژی پاسەوانی زۆر و کەژاوەی ئۆتۆمبێل و خۆ جیاکردنەوە لە خەڵک و ژیانی شاهانەیە, دژ بە کۆشک و تەلار و دونیای سەرمایەداری و بردنی داهات و سامانی میلەتە, دژی خۆ دەوڵەمەندکردن و جیاکاری چینایەتە, دژ بە بەکارهێنانی پاسەوان و بندیوارە بۆ خزمەتی تایبەتی و منداڵ و خێزان لە بری خزمەتی گشتی . ئیتر کەسانێک ئەمانە لە خۆیان دانەماڵن ناکرێت و ناتوانن لاف و گەزافی بیری نەوشیروانی بوون لێبدەن .

 نەوشیروانی بوون دژی  خزم خزمێنە و پشک پشکێنە و وەلائی خزمایەتی و بنەماڵەییە لە شوێنی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو , نەوشیروانی بوون کارپێدانە بە کوڕە هەژار و خوێندەوارەکان لە بری کوڕی دەسەڵاتدار و بنەماڵە .  

ناکرێت و ناگونجێت تۆ خۆت بە هەڵگری بیری نەوشیروان مستەفا دابنێیت, بەڵام ڕاستگۆ و حەق بێژ نەبیت بەرامبەر کۆمەڵگاکەت, دەوروبەرەکەت , هاوڕێکانت یا هاوپۆل و هاوپیشەکانت . سادەبوون و خاکی بوون و تێکەڵی بە جەماوەر و خۆ جیانەکردنەوە لە خەڵک نەوشیروانی بوونە . ئەوە بەرجەستە کردن و پیادەکردنی ڕێباوەڕی نەوشیروانی بوونە نەک قسەودروشم  جۆرێک و کردار جۆرێکی تر .

 پەردەداری لە نەوشیروانی بوندا بونی نیە ,  ژیانی پادشا و گەدا بونی نیە,  بەهەمان ئەندازەی نەبونی هەڵتۆقینی نوخبەیەک لە ڕێگای سیاسەت و دەسەڵات و پوکانەوە و داڕزینی ژیانی زۆرینەی کۆمەڵگا لە نەوشیروانی بوندا,  دابینکردنی ژیانی شایستەو وەک یەک بۆ هەموان و نەهێشتنی جیاکاری چینایەتی و ڕێزگرتن لە جیاوازی بیروڕا و بەیەکەوە ژیانی ئاشتیانە لەم ڕێباوەڕەدایە . وەک چۆن لە خەباتی مەدەنی و حوکمداری باوەڕ بوون بەچەک و توندوتیژی بوونی نیە, بە هەمان شێوە کوشتنی ڕۆژنامەنوس و لێدان و ئازاردانی بیری ئازاد بونی نیە لەنەوشیروانی بووندا.

ئیتر ئەمەیە هونەری نەوشیروانی بوون نەک بە قسە و دروشم .

1002 جار خوێندراوەتەوە