بە درێژایی مێژو گەلی کورد بەردەوام لە شۆڕش و خەباتدا بوە بۆ سەربەخۆیی و ئازادی، هەورازو نشێوی زۆری بڕیوە، سەختی و کارەسات و قوربانی بێ شومار، سەرکەوتن و سەروەری زۆر، هەمو ئەمانە لە قۆناغی جیاجیادا بون، لە هەمو شۆڕش و راپەڕینەکانی گەلی کورد راپەڕینی ساڵی 1991ی باشوری کوردستان بە رزگاری و ئازادی گەیشتە ترۆپک بە رزگاربونی پارچەیەک لە خاکی نیشتمان لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی بەعسی داگیرکەر، کە بوە مایەی باس و خواسی دۆست و دوژمن.
ئەگەر راپەڕینی گەلی کورد و دواتریش هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەت قۆناغێکی پڕ ئومێد و سەروەری بوبێت، ئەوە زۆری نەبرد باشور پێینایە قۆناغێکی پڕ نەفرەت و شەرمەزاری کە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ بو لە نێوان دو هێزی باڵادەستی باشور، دروستبونی ململانێی هێزەکان بوە مایەی ماڵوێرانی بۆ کورد تا ئەوەی دواتریش کۆتایی هاتنی شەڕی چەکداری نێوانیان و رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆست و دەسەڵات لە نێوانیان و دابەشکاری سامان و داهاتی ژێرزەوی و سەرزەوی لە نێوان بنەماڵەکان و حیزبەکانیان، نادادی کۆمەڵایەتی و سەروەرنەبونی یاسا و جیاکاری لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگا و چەندانی تر لە نەهامەتی بۆ کۆمەڵگا بون بە ناسەروەری حوکمڕانی دو حزبی کوردی، بە مانایەکی تر دو حیزبی دەسەڵات لە ناکۆکیەکانیان بونە هۆی بە کوشتدانی رۆڵەی کورد و هێنانی دەبابەی دوژمنان بۆ سەر جەستەی نیشتمان و بە رێککەوتن و حوکمڕانی پێکەوەییان بون بە مایەی تاڵانکردنی سەروەت و سامانی نیشتمان.
لەم دۆخە ناهەموار و پڕ لە کێشمە کێشم و پڕ لە نادادی و نەمانی ئازادی و جیاوازی لە بەخشینەوەی داهاتی نەتەوەیی و تیرۆرو کوشتنی بیری ئازاد و سەرکوتکردنی دەنگی ئازادو جیا لە بیرکردنەوەی دو حیزب، بەهەدەردانی سامانی میلەت و بون بە سەرمایەدارو بازرگانی بەشێک و لە کولەمەرگی ژیانی بەشێکی زۆری کۆمەڵگا، بێ هیوابونی تەواوەتی خەڵک لە چاکبونی دۆخ و کۆچکردنی گەنجان و هەوڵی بە کۆیلەکردنی تاک بەتاکی کۆمەڵگا بۆ حیزب و لە ناویشیاندا بۆ چەند بنەماڵەیەک لەو کات و ساتە سەختەدا باشوری کوردستان قۆناغێکی تری مێژویی بەخۆوە بینی، کە لە مێژوی خەباتی کورد بە قۆناغێکی گەورەو پڕ سەروەری و پڕ بایەخ دادەنرێت کە بریتیە لە قۆناغی خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی.
نەوشیروان مستەفا ئەو رابەر و شۆڕشگێڕ و خەباتکارەی بە درێژایی نیو سەدەی رابردو لە خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی و رۆژنامەگەری و پێشمەرگایەتی و چەکداری بۆ رزگاری و ئازادی نەتەوەکەی لە ترۆپک دا بو، کۆششی کرد، بێ ماندو بون بو بە خاوەنی قۆناغی خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی گەلی کورد، پیاوە گەورەکەی مێژو لە گردێکەوە جاڕی بەگژداچونەوەی گەندەڵی و نادادی و نایەکسانی و دزینی قوتی خەڵک و جیاوازی چینایەتی و وەک یەک نەبونی هاوڵاتی لە ئەرک و ماف دا، پیرە هەڵۆ لە گردێکەوە جاڕیدا "نا" بۆ دەسەڵاتی بنەماڵەیی و پشتاو پشت، نا بۆ دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەتا هەتایی، نا بۆ جیاوازیی ژیان لەسەر داهاتی نەتەوەیی، پیاوە سپیەکە لە رێگەی کۆمپانیایەکەوە جاڕیدا، کۆمپانیاکەی ئەو کۆمپانیای وشە بو، نەک کۆمپانیای فرۆشتنی نەوت و پاڵاوگەو دەرمان و بازرگانی، کۆمپانیاکەی ئەو بۆ بازرگانی نەبو بەڵک و بۆ دامەزراندنی بزوتنەوەیەکی جەماوەری وەک بزوتنەوەی گۆڕان بو، کە لیستەکەی ئەم بزوتنەوەیە توانی لە 25 / 7 / 2009 بە هەمو رێگری و ساختەکاری و دژایەتیەکانی هەردو حیزبی دەسەڵاتدار و حوکمڕان بە هێنانی 25 کورسی پەرلەمانی تەپڵی سەرکەوتنی قۆناغی خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی لێبدات.
25/7 بو بە قۆناغێکی پرشنگدار لە مێژوی گەلی کورد، رەوانشاد نەوشیروان مستەفا لە رێگەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، ململانێی چەکداری گۆڕی بۆ خەباتی پەرلەمانی و نوێنەرایەتی گەل، پیرە هەڵۆی داهێنەری خەباتی مەدەنی و پەرلەمانی و هاوڕێکانی، لە رێگەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەکەم جار بودجەیان بە گوێی خەڵک ئاشنا کرد و شەڕی بودجەو داهاتیان هێنایە ناو هۆڵی پەرلەمانەوە، قۆناغێک هاتە کایەوە خەڵک بەوە ئاشنا کرا دەکرێت گردێک ببێ بە قەڵای بەگژداچونەوەی گەندەڵی و ناعەدالەتی نەک ببێ بە ڤێلاو کۆمپانیای بازرگانی، قۆناغێک کە کۆمپانیایەک ببێ بە دامەزرێنەری کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بۆ هۆشیاری خەڵک، ببێ بە دامەزرێنەری سایتێک نەهامەتیەکان بۆ خوێنەران لە رێگای تەکنەلۆژیا بگوازێتەوە، رۆژنامەیەک خوێنەرانی بە ئاگا بێنێتەوە لە داهات و پشکی تاک لەو داهاتە، رادیۆیەک لە هەمو ماڵێک بەگوێی هەر تاکێک بچرپێنێ ئیتر قبوڵ نەکەن لەوە زیاتر بەشێک ببن بە ملیاردێر و بەشێکی زۆر لە ژیانی پڕ نەهامەتی و برسێتی بژین بە بەراورد بە داهاتی بێ شومار.
ئەو قۆناغەی کە ئیتر بۆ ئەبەد جێگای شانازی و کارکردن بێت بۆ بەدیهێنانی، ئێستا گردێک بوە بەڕەمز بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی، گردێک و کۆمپانیایەک بە گۆڕینی خاوەندارێتیەکەی لە کەسێکەوە بۆ کەسێک هەر بە پیرۆزی ماوەتەوە و ئێستاش قەڵایەکە بۆ پشتیوانی لە دامەزراوەیەکی پتەو بۆ بەردەوامبون دژ بە گەندەڵی، گردێک و کۆمپانیایەکی هۆشیاری کە رێک لە کەشتیەک دەچێت بە گۆڕینی کاپتنەکانی ناوەستێت لە گەیشتن بە کەنار.
25 /7 قۆناغێک فێرمان دەکات دەکرێت مرۆڤ تەنها بەوە نەوەستێ ژیانی خۆی بۆ خەبات و سەرخستنی نەتەوە و نیشتمانەکەی تەرخان بکات، بەڵکو سەروەت و سامانی تایبەتی خۆشی لە پێناو هۆشیاری و وەک یەک ژیان و نەهێشتنی نا یەکسانی و نادادی کۆمەڵایەتی، بخاتە گەڕ.
1407 جار خوێندراوەتەوە