بۆ پەرلەمانتاران... شوێنى مانگرتنەکەتان بگۆڕن

هەڵوێستی بەشێک لە پەرلەمانتاران بۆ مانگرتن هەم وەک کارێکی مەدەنی و پەرلەمانی، هەم وەک بە چارە زانینی دۆخەکە و گوێگرتن لێیان لەگەڵ ئەوەی کارێکی دوبارەیە و تاقیکراوەتەوە، بەڵام جێگای دەستخۆشی و پشتیوانیە.

لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە لەوە تێپەڕیوە بە مانگرتنی لەم شێوازە حکومەت بێتە ژێربار، بەڵام لە (ٲزعف ٱلٳیمان) دا ئەمەش خراپ نیە بۆ خودی مانگرتوەکان. مرۆڤ دەتوانێت پەنا بۆ هەمو کارێکی باش بەرێت بۆ ئەوەی بتوانێ هەمو ئەوانەی باوەڕی پێیەتی وە ده‌یان بینێ، بۆیە جێگای دەستخۆشیە کە چەند ئەندامێکی پەرلەمان بڕیاریان داوە  لە بینای پەرلەمان بۆ تێپەڕکردنی ئەم دۆخە مانگرتنیان راگەیاندوە. لەگەڵ ئەوەی گومانم هەیە دەستکەوتی گشتی ئەوتۆی هەبێت، بەڵام  ئومێد دەخوازم کاریگەری باشی هەبێت، ئەگەرچی بەڕێژە کەمن، بەڵام بونی ویست و ئیرادەکە جێگای دڵخۆشیە .

بونی ئیرادە و نیەت و ویست گرنگە، ئەگەر مرۆڤ تەنهاش بێت. ئەوکاتەی لە (٢٠٠٢) باس لە لەشکر کێشی تورکیا دەکرا بۆهەرێمی کوردستان د. فەرهاد پیرباڵ (کە بەهەمو جوانی و ناشیرنیەکانیشی لام خۆشەویستە) ئەوکات بڕیاری دا بەتەنهاش بێت بچێت لە زاخۆ هەڵوێست وەربگرێت و پێش بەلەشکری تورک بگرێت دواتر بەحساب لەشکر نەهات (ئەگەرچی بونیان هەبو بە ئێستاشەوە). دکتۆر فەرهاد لە ماڵی رۆشنبیری شەرەفخان ئەوەی بە ژمارەیەکی زۆری ئامادەبوان راگەیاند و ئامادەبو ئەمە بکات و گرنگ ئەوەبو فەرهاد پیرباڵ ئەگەر بەتەنهاش بێت ئیرادەیەکی هەبو .

بڕیاری مانگرتنی پەرلەمانتاران لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی شەڕی ناوخۆی یەکێتی و پارتی لەدوای ڕاپەڕین لەناو پەرلەمان لەگەڵ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی نەبو بۆ وەستانی شەڕ، بەڵام هەڵوێستێکی رێزلێگیراوە .

مانگرتنی پەرلەمانتاران کارێکی زۆر دوبارەیە پێشوتر تاقیکراوەتەوە و ئەنجامی نەبوە، بۆیە باوەڕم وایە، ئەگەر پەرلەمانتاران پێشەوایەتی خۆپیشاندەران ناکەن و نابن بە پشتێنەیەکی ئاشتی و نەرمونیانی، ئەوا  دەبو پەرلەمانتاران بیر لە کارێکی نوێ و کاریگەرتر بکەنەوە، کارێک ئەنجام بدات بەدەستەوە. رێگایەکی نوێ بێت لە نمونەی:

٭ روبکەنە مەرز و گومرگەکان و لەوێ بڕیاری مانگرتن بدەن، چونکە ئەو ماوەی لە گومرگەکان دەمێننەوە هەم مانگرتنەکەیە و هەم دەتوانن ئەو قاچاخچێتیەی باس دەکرێت و هەیە نەیهێڵن و ئەوماوە داهاتێکی زۆر باش بۆ خەڵک دەگێڕنەوە، یا هەرنا دەتوانن ئەو ماوەیە رێگری لە قاچاخچێتی بگرن. هەرچونیان بۆ ئەوێ سودێک بەداهات دەگەیەنێت بۆ موچە خۆران لەم دۆخەدا.

٭ دەتوانن لە رێگەی راگەیاندن و کۆنسوڵخانەکان پشتیوانیەک بەدەستبێنن و چاودێروچاوەکان ببەن بۆ مەرزەکان.
بەتایبەت بۆ ئێستا روداوگەلێک دەبێت خۆپیشاندەرو خەڵکی ناڕازی و موچەخۆران بەگشتی هەستبکەن کەسانێک هەن خۆیان بە نوێنەری خۆپیشاندەران و موچەخۆران و هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە دەزانن و کار بۆ گێڕانەوەی مافی خوراویان دەکەن .

٭ لە کارێکی وادا بازنەی ناڕازی و مانگرتنی پەرلەمانتاران فراوانتر دەبێت و ڕەنگاوڕەنگتر دەبێت، بەشێوەیەک بواری هیچ ناهێڵێتەوە کە بەشێکی تر لە پەرلەمانتاران لەناو هۆڵی پەرلەمان لەگەڵ دەنگی ناڕازی بن و لە دەرێی پەرلەمان دور لە شەقام و خۆپیشاندەربن و بەشێکی تریان دەخرێنە ژێر پرسیارەوە لەلایەن دەنگدەرانیانەوە، کەواتە لە ژمارەیەکی کەم لە پەرلەمانتار دەبن بە ژمارەیەکی گەورەتر.

٭ ئەم شێوازی مانگرتنە دەچێتە خانەی راستەوخۆی چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و هێنانەوەی داهات و گێڕانەوەی تاڵانی و قاچاخچێتی گومرگ و گەیشتن بە راستیەکان لە داهاتی سنورەکان و گێڕانەوەیان  بۆ خەزێنەی حکومەت نەک چەند کەسێک . کەواتە بەم شێوازی کارکردنە هەم چاودێر و پاسەوانی داهاتی خەڵکی و هەم مانگرتوشی بۆ بەدەستهێنانی داخوازیەکانی خەڵک و خۆپیشاندەر .

٭ دەکرێ وەک پاڵپشتی بۆ پەرلەمانتاری مانگرتوی مەرزەکان و گومرگەکان هەر پەرلەمانتارێکی بەویژدان و خەمخۆری کورد لە پەرلەمانی عێراق ببێ بە پاڵپشت بۆ ئەوانیش و بۆگەیاندنی دەنگی ناڕازی و خۆپیشاندەرانیش بە پەرلەمانی عێراق و باڵیۆزی وڵاتان و دونیای دەرەوە ئەمیش بە مانگرتنیان لە پەرلەمانی عێراق .

کەواتە لەبری ئەوەی پەرلەمانتارانی هەرێم لەناو بینای پەرلەمان مانبگرن، با بچن بۆ مەرزەکان و لە بری ئەوەی پەرلەمانتارانی عێراقیش لە دورەوە و لە فیسبوک و راگەیاندنەکان ببن بە پشتیوانی خۆپیشاندەران، با لە پەرلەمانی عێراق مانگرتن رابگەیەنن.

678 جار خوێندراوەتەوە