بۆچی شاشەکان کراونەتە میمبەری بڵاوکردنەوەی بێئومێدی؟

بۆچی شاشەکان کراونەتە میمبەری  بڵاوکردنەوەی بێئومێدی؟

ئامانج هەرتەلی

کاتێک شعوری خەڵک بە هەندێک  جۆرە پۆست برینداردەکرێت و بانگەشانە لە سەرشاشەی میدیاکانەوە دەکرێت، کە بە پارە و سامانی گشتی و گیرفانی ئەم خەڵکە لێقەوماوە بەڕێوە دەچێت، هەست بە شەرمەزاری و بێئابڕوویی سیستەمێک دەکەیت، کە هیچ بەهایەکی بۆ کەرامەتی مرۆڤ و نیشتمان نەهێشتۆتەوە. لە هەمووی ناخۆشتر  ئەوەیە کاتێک دەبینیت خەباتی ڕەوا و پیرۆزی نەتەوەیەک بەدەستی تاڵانچی و دەستکەلای دەرەکی گەیشتووەتە ئەم ئاستە نزمە، ئازارێکی وا بە هەست و ناسنامەی مرۆڤ دەگەیەنێت کە مرۆڤ شەرم لە کوردبوونی خۆی بکات.
کەس نازانێت کەسووکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەوانەی ڕۆڵەی خۆیان بۆ ئازادیی ئەم خاکە بەخت کرد، ڕۆژانە چەند جار لە ناخەوە دەسووتێن و خەم دەخۆن کاتێک دەبینن خوێنی پیرۆزی شەهیدەکانیان بووەتە پردێک بۆ سەپاندنی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و خۆسەپێن. ئەم وڵاتە لەبری ئەوەی بێتە ئارامگەی نەوەی شەهیدان و سەرچاوەی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ هاووڵاتییانی، کەچی ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینی لەدەسەڵاتی کوردی ئابڕووچونێکی گەورەیە، بەپێی پیلانێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، کراوەتە بارمتەی دەستی کۆمەڵێک مافیا و دەستەڵاتداری بێباك کە نیشتمانیان تەنها وەک دەستکەوتی شەخسی و بازرگانی سەیر دەکەن، ماندووبوونی ئەم گەلەیان لەبیرچۆتەوە، بیریان چۆتەوە ئەگەر ئەم گەلە نەبوایە ئێستا ئەوانە چی بوون؟ 
ئەم تاڵانکارییە فکری و مادییەی لە ڕێگەی میدیای فەرمییەوە بەسەر خەڵکدا دەسەپێنرێت، بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەوەیە کە دەسەڵات نەک هەر ڕەواێتیی سیاسی و ئەخلاقی دۆڕاندووە، بەڵکو بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئایندە و ناسنامەی ئەم گەلە، وایکردووە خەڵک تف لەخەبات و ماندووبونی خۆی بکات.

لە سایەی حوکمڕانیی ئێستای هەرێمدا، شاشەی میدیاکان لە بنەمای سەرەکیی خۆیا لە گواستنەوەی ڕاستییەکان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەوە  گۆڕدراون بۆ دەسکەلای کاریگەری دەسەڵات بۆ ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی ئەو شاشانەی ڕۆژانە بانگەشەی  ئازادی، خەبات و پیرۆزیی خوێنی شەهیدان دەکەن، لەسەر زەمینی واقعدا تەواو پێچەوانەی دروشمەکانیان ڕەفتار دەکەن. لە کاتێکدا دەسەڵات لە ڕێگەی میدیا ڕەسمی و سێبەرەکانییەوە وێنەیەکی خەیاڵی لە خۆشگوزەرانی و گەشەسەندن نیشان دەدات، بەڵام واقیعی ژیانی هاووڵاتییان پڕییەتی لە هەژاری، بێکاری و قەیرانی بەردەوام.

ئەم ڕەوشە گەیشتۆتە ئاستێک کە دەزگا و ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی سەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان وەک شانازی و دەستکەوت هاوکاری دەبەشێننەوە بەسەر ئەو خەڵکەی کە سیستەمی ئابووری و سیاسیی هەرێم خۆی تووشی برسییەتی و داڕماندی کردووە لە شوێنی ئەوەی مافی سەرەتایی هاووڵاتیی دابین بکرێت، بێدەسەڵاتیی خەڵک کراوەتە کەرەستەی ریکلامی سیاسی.

لەبری ئەوەی میدیا بێتە سەکۆیەک بۆ ئاشتیی کۆمەڵایەتی و یەکڕیزی، بووەتە سەرچاوەی بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە، پەرەپێدانی جەمسەربەندیی سیاسی و سەرقاڵکردنی خەڵک بە بابەتی لاوەکییەوە. ئەرکی سەرەکیی ئەم میدیایانە بووەتە بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی لە کێشە بنەڕەتییەکان و جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی حیزب و کۆمپانیاکانیان. لە هیچ قۆناغێکدا هێندەی ئێستا میدیا نەکراوەتە ئامرازێک بۆ خەساندنی ڕوحیەتی بەرەنگاربوونەوە و هۆشیاریی گەل، و ژێردەستەکردنی هۆش و ئیرادەی هاووڵاتییان.

103 جار خوێندراوەتەوە