ئەمریکا بۆچی کوردی کردۆتە ئامانج

ئەمریکا لەم ساتەدا لە ئاستی سەرۆکی وڵاتەوە پەیوەندی ڕاستەوخۆ بەکوردەکانەوە دەکات و هانیان دەدات بۆ ڕاپەڕین و شۆڕش، ئەوەش لە دووگریمانە زیاتر نییە.


گریمانەی یەکەم: بە پاڵپشتی ئیسڕائیل و تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان تڕەمپیان ناچارکرد کە پشت لەکورد بکات و هانی ئەحمەد شەرع بدات شەڕ دژی کورد بکات، لەکاتێکدا ئەوکات زانیاری ئەوە بڵاوبویەوە کە ئەمریکا داوای هاوکاری لێکردووە بۆ لێدان لە حەشدی شەعبی، بەڵام کاتێک ئەو پیلانە سەرناگرێت دەرگا بۆ شەرع دەکەنەوە کە داعشەکانی ژێر دەستی پەلاماری کورد بدات بۆ ئەوەی لەڕۆژئاوای کوردستان بکەوێت زیندانەکانی ژێر دەستی کە پڕ لە داعش بوونە ئازادبن و لەڕێگای ئەوانەوە تا سنوری کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەوێتە ژێردەستیان و حکومەتی هەرێمیش بڕوخێنرێت و ئەو داعشانە لەگەڵ لێدان لە ئێران بچنە ناوئێران بۆڕووخاندنی ئێران، ئەوەش خواستی تورکیایە، بۆ تورکیا بێ تیرۆر بێتەدی، قەندیلیش لەدەست پەکەکە بێتەدەر، بەڵام کورد بەیەکدەنگی توانی  ئەو پیلانە هەڵوەشێنێتەوە، بۆیە پیلانی بەدیلی داڕشت بۆ ئەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەناوبەرن، تورکیا بە لەناوبردنی کورد ڕازی بکەن بە داخوازیەکانی ئیسڕائیل هەروەها  کورد بگێڕنەوە بۆ خاڵی یەکەمی سەرەتای سەدەی بیستەم، لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، لە ئێستا هەموو هاندانێک بۆ ئەوەیە کورد بخەنە ئەو تەڵەیەوە، لەکاتێکدا جگە لەکورد هیچ گەلێکیتر ئامادەیی تێدانییە بۆ دژایەتی ئێران، بۆچی کورد ئامانجە لەم شەڕەدا؟ ئەمریکا چی لەکورد دەوێت، بۆیە  بەدرێژای سنورەکانی ئێران جگە لەکورد هیچ دژایەتیەکی سەرەکی نییە.


 ئەوەش دەرفەتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی دەرگای دۆزەخ بەسەر کوردا لەلایەن ئێرانەوە بکرێتەوە کە لەهەموو ئەو کاتانەی کە مەترسی کەوتۆتەسەر کوردەوە و ئەمریکا پشتی تێکردووە، ئەو وڵاتە باوەشی بۆ کورد کردۆتەوە، کاتێک ئەمریکا ڕێگای بەسەدامدا کوردستان کیمیاباران بکات، ئێران دەرگای کردەوە، کاتێک لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ لەکۆڕەودا کاتێک ئەمریکا ڕژێمی عێراقی نەگۆڕی و پشتی کردە کورد ڕیگای بە ڕژێمی عێڕاقدا شاڵاوەکانی بۆ سەرکوردستانی ئازادکراو دەستپێبکاتەوە، کوردیش بەکۆڕەوی ملیۆنی وەڵامی دایەوە، لەو کاتەدا کە ئەمریکا پشتی تێکردین ئێران دەرگای بۆکردینەوە. دوای ئەوەی خواستی تورکیا بە هاندانی ئەحمەد شەرع و داعشەکان نەچووە سەر و باشور و ڕۆژاوای کوردستانی پێ لەناو نەچوو بە پاساوی لێدان لە ئێران لەلایەن هێزەکانی کوردەوە، تورکیا دەیەوێت بە تۆڵەکردنەوە لە کورد وەک  بەدیلی شەرع و داعش ئەو ئەرکە بەجێبگەیێنێ، بۆیە دەیانەوێت  کورد ناچار بەم شەڕە بکەن، ئەوە وادەکات ئێران ببێتە دووژمنی کورد و بەکۆتای هێنانی ئەزموونی باشور و ڕۆژاوای کوردستان کۆتای بێت، جگە لەوەش قەندیلیش بەشێک دەبێت لە خواستی ئێران و لە پەکەکەی دەستێنێت، بەوەش خواستی تورکیا بەدیدێت. 


گریمانەی دووەم: ئەوەیە ئیسڕائیل دەیەوێت نەخشەی داودی جێبەجێبکات، بەوەش پێویستی بەوەیە هاوسێکانی دەوڵەتی زەیلیل بن، بۆیە گەورەترین بەربەستی ئەم نەخشەیە ئێران بوو، بۆیە پێویستی بەوەیە ئێران لاوازبێت، لێدان لە ئێران بۆ ئاسانکاریە بۆ نەخشەی داودی، کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەم نەخشەیە، بۆ ئەوەی سەدێک بەدرێژای سنورەکە لەنێوان ئێران و نەخشەی تازەی ئیسڕائیل درووست بکات، پێویستە هەرێمێکی کوردی هەبێت، لەبەر ئەوەی کورد لە ڕووی مەزهەبەوە سونەیە و ئێرانی فارسیش شیعەیە ئەوە لەلایەک، لەلایەکیتر هەبوونی کورد بەدرێژایی نەخشەی داودی دەبێتە سەدێک لەنێوان ئێران و دەوڵەتی گەورەی ئیسڕائیلی، کەمال مەزهەر لەکێتبی مێژوو ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە: کاتێک لەساڵی ١٥١٤ کاتێک سوڵتان سەلیم لەشەڕی چاڵدێراندا بەسەر شا ئیسماعیلی سەفەویدا سەردەکەوێت و دەگەڕێتەوە بۆ ئەستەمبۆڵ دایکی لێی دەپرسێت کوڕم چیت کرد، سوڵتان سەلیم دەڵێت سەرکەوتم، بەڵام دیوارێکم لەنێوان خۆم و ئەواندا درووست کردووە، دایکیشی دەڵێت: کوڕم چۆن توانیت ئەم دیوارە درووست بکەیت،، ئەویش دەڵێت دایکە ئەم دیوارە لەگۆشت و خوێن و ئێسقانە، ئەوانیش کوردەکان. 


ئیسڕائیل دەیەوێت دیوارێکی هاوشێوەی سوڵتان سەلیم لەگۆشت و خوێن لەکوردەکان لە پێناوی پاراستنی ئیسڕائیلی گەورە درووست بکات. 

لەهەردوو گریمانەدا ئەمریکا لە ئەگەری  ڕازیبوونی ئێران بەخواستی ئیسڕائیل و ئەمریکا، وەکو سوریا جارێکیتر کورد دەبێتە قوربانیەکی گەورە و  پشت لەکورد دەکەنەوە، پێویستە سەرکردەکانی کورد باشتر و ورتر لەمێژووی سیاسی خۆیان بڕوانن باشتر تێدەگەن بۆ وەڵامدانەوەی ئەم بارودۆخەی ئێستا ئەوانی خستۆتە نێو بەرداشتی ئەمریکا و ئێران.

1001 جار خوێندراوەتەوە