گۆڕان بزوتنەوەی هۆشیاری

هۆشیاری هەنگاوی گۆڕانکاری و ئاوەدانی کۆمەڵگایە، بۆ ئەوەی تێبگەی لە لەناوچونی گەلان و نەمانی ئاسەواری ژیانیان بەهۆی لاوازی هۆشیاریانەوە بووە بەرامبەر نادادی و ستەم و رازی نەبونیان بوە بۆ گۆڕانکاری.

ستەمکاری هەمیشە مۆرانەی لەناوچونی گەلان بووە، ئەوەی گەلان بەرەو هەڵوەشان دەبا بێ ئاگاییانە بەرامبەر بە ستەم و چاوداخستن لە ئاست نادادی.

ئاستی باڵای هۆشیاری نەوشیروان مستەفا وایکرد بزوتنەوەی گۆڕان دابمەزرێنێ. بۆئەوەی گەلی کورد توشی پەرتەوازەیی و هەڵوەشانەوە نەبێ، بۆئەوەى شیرازەی کۆمەڵایەتی تاکی کورد بەرەو ڕوخان نەڕوات، تاوەکو دوژمنان لەوە زیاتر زەفەر بەم هەرێمە نەبەن، کە سەدان ساڵە کورد هەوڵی بۆ دەدات لەناوی نەبەن، نەوشیروان مستەفا دوای هەوڵێکی زۆر و بێ وچان لە داوی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱  بەدیاریکراوی لەسەرەتای دروست بون و حکومەت و پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکدا لەگەڵ مامۆستا مەلا عوسمان بێ سەروبەری ئەوکاتی دەستەڵات و حیزبەکانی هەرێم زۆر بەڕوونی باس دەکات.

لەناو حیزبەکانیشا ئاماژە بە هەڵەشەیی بەرپرسەکانی کورد وبێ ئاگایی و ناهۆشیاریان دەکات. بەرامبەر بە حکومەت و دەوڵەتدار، کەبەعەقڵیەتی شاخ هەڵسوکەوت دەکەن، کە پاسەوانی زۆر بەدوای خۆیان دەدەن و هەڕەشە لە خەڵک و ئارامی و ئاسایش دەکەن، بەمەترسی گەورەیان دەبینێ. بەتەواوی هەوڵەکانی  نەوشیروان مستەفا بۆ مەسەلەی بە دامەزراوەیی کردنی حکومەت و دورخستنەوەی حیزب لە حکومەت، پاراستنی سەروەری دادگاکان و شەفافی لە داهاتی هەرێم دەخاتەگەڕ بەڵام لەبری گوێ بۆگرتنی بەشەڕی ناوخۆ وەڵامیان دایەوە.

 هەموو هەوڵێکی لەناو حیزبەکەی خۆیدا بۆ ڕیفۆرم و گۆڕانکاری و بەهێزکردنی یەکێتی لەسەر بنەمای یەکسانی و ڕێزگرتنی تاکی کورد، بەڵام کەس بەقسەیان نەکرد، حیزبەکەی خۆی بەجێهێشت  لە ٢٥/٧ /٢٠٠٩ بڕیاری دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕانیدا. بزوتەوەی گۆڕان وەک هێزێکی نوێ دەرکەوت لەلایەک بووه بزوتنەوەیەکی هوشیارکەرەوە بۆ خەڵک لەلایەکتر هۆشیاری بوو بۆ هێزەکانی دەستەڵات.

هۆشیار کردنەوەی خەڵک لەستەمی دەسەڵاتی کوردی، ئەو دەسەڵاتەی تا پێش دروست بوونی گۆڕان هەرچی ئەو شتەی هەی بو لەخەڵکی خۆی شاردبۆوە، بەئارەزووی خۆی تەخشان و پەخشانی پێوەدەکرد. لە ۲٥ی ۷ گۆڕان بوە کلیلی چەندین دەرگا و سەدان مەلەفی شاراوەی خستە بەردەستی خەڵک و گەلەکەی لەو ترسە ڕزگار کرد کە پێیەوە وابەستە کرابوون. خەڵکی لەو هەموو داهاتە بەلێشاوەی دەهاتە کوردستان وریا کردەوە. جگە لە دوو حیزبی دەسەڵات کە دەیانخوارد، چەندین حیزبی تری ئیسلامی و علمانی بچوک کە بەدووکانی سیاسی ناودەبرێن خستە بوە ئەم نازونیعمەتەی ئەم هەموداهاتە بەش دەکرد و کەسیشیان نوقەیان دەکرد. هەیان بو لەترسان، لەترسی ئەوەی کە نەی کەن بە پیاوی دەرەکی و پیاوی ئەم و ئەو و جێگایان بێ تەوە لەحکومەت و نانبڕاو نەکرێن لەم داهاتەی دێتە هەرێم و پشکیان هەبێت، هەشیان بوو ئەو بەشەی دەیاندرا پێی زۆر لەوەی خۆیان زۆرتر بوو، بۆیە بێدەنگ لە ئاست ئەم هەموو بەهەدەردانە دانیشتبون، بەوەش بەهاتنی بزووتنەوەی گۆڕان ڕۆشنای باش خرایە سەر داهات و بوجەی هەرێم و خەڵکی کوردیان لەم هەموو تاڵانیە ئاگادار بکردەوە،  بەوەش دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم کاتەدا دانیان بەم گەندەڵیە دانا و سەلماندیان کە بونی هەیە. بزووتنەوەی گۆڕان بوجەی هێنایە پەرلەمان بۆیەکەمین جار و کەسیش ناتوانێ نکۆڵی لەوەبکات.

هەروەها بزووتنەوەی گۆڕان خەڵکی هۆشیار کردەوە لەوەی دەیانەوێت دەستورێک تێپەڕێندرێت کەدژی خواستەکانی خەڵکی کوردستانە، لەپەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی تەواوی حیزبەکان کە چەند ڕۆژێکی کەمی مابوو  بۆ ۲٥ی ۷ بە کۆی دەنگی حیزبە علمانی و ئیسلامیەکان تێپەڕێت، بزووتنەوەی گۆڕان زۆر بەڕوونی دژایەتی کردوو، وای لەدەسەڵات کرد کە نەیخەنە دەنگدان، ئەوانیش دەستوری هەرێمیان هەڵپەسارد زانیان کەدەنگ ناهێنێ، ئەوەش یەکێکی تربوو لەو هۆشیاریانەی گۆڕان بۆخەڵک کە ڕێگە لەدەستورێک بگرن کە دژی خواستەکانی خەڵکە و لەبەرژەوەندی حیزبیدایە.

یەکێکی تر لەو کارە مەزنانەی گۆڕان هێنانە پێشەوەی کۆمەڵێک خەڵکی ڕۆشنبیر و گەنج کەبێنە ناوکایەی سیاسی و خەڵکی سیاسی تازە بهێنێتە پێشەوە بۆ ئەوەی ئیدارەی وڵات بەڕێوەبەرن. بەمەش گەنجان نەک لەناو گۆڕان بەڵکو لەناو هەردوو حیزبی دەسەڵات بەلێشاو جێکایان بویەوە هاتنە پێشەوە بەدەر لەوەی ئیسلامیەکانیش ڕێگایان کردوە بۆ خەڵکی نوێ.

لەدوای درووست بونی گۆڕان بەلێشاو خەڵکی هاواری ئازادی کرد و ڕۆشنبیران و ئازادی خوازان قسەی خۆیان کرد، بێ ئەوەی دەسەڵاتی کوردی پەنا بەرێتە بەر ئەولایە نەرێنیەی زەمەنێک بە دەستی دەرەکی ناویان دەبردن، بەڵام لەدوای گۆڕان بە هەڵسوڕاوی گۆڕانیان ناودەبردن، بەدەر لەخەڵکی ڕۆشنبیر و ئازادی خواز کە بەئازادی قسەیان کرد دەرگا بۆ حیزبە ئسلامیەکانیش کرایەوە بە ئازادی خۆیان قسەبکەن.

یەکێکیتر لەو شتانەی کە بزووتنەوەی گۆڕان خەڵکی هۆشیارکردەوە ئەوەبوو، کە چیتر خەڵک بیر لە شۆڕشی چەکداری نەکاتەوە، بەڵکو پێویستە خەڵک ڕێگای مەدەنی بگرێتە بەر لە پێناوی بەدەست هێنانی مافی خۆیان و گەلەکەی بەئارامی و هێمنی لەڕێگای سندوقەکانی دەنگدان وەربگرنەوە پەنا بۆ توندوتیژی نەبەن، ئەزمونی دروست کراوی خۆیان تێکنەدەن بەڵکو لەڕێگای دەنگدانەوە بەرپرس و حیزبەکانی دەسەڵات بگۆڕن.

هەمو ئەو کارانەی سەرەوە خەڵک سودی لێوەرگرتن و حیزبەکانی تریش سودیان لەم بزووتنەوەیە وەرگرت کەناوی گۆڕانە بۆ ئەوەی بە ئازادی کاری سیاسی خۆیان بەن. بەدەر لەوەش دەسەڵاتی کوردی لە دووبواردە سودی لە بزووەنەوەی گۆڕان وەرگرت.

لایەنێکیان دەسڵاتی کوردی لەو خەوی غەفڵەتە هاتەوە هۆش خۆی کە خەڵکی کوردستان بەتەواوی بێزارە و قبوڵی ئەم دەسەڵاتەی نییە، لەم خەوەی هەستاند کە کەس باوڕی بەو کوردایەتیە درۆیینە نیە کەپێیان وابوو خەڵک هێشتا لەژێر گاریگەری هوتافی سەردەمی شۆڕشدا لەهەڵپەڕکێدان، دەسەڵاتی هۆشیار کردەوە بەوەی ئەگەر مل بۆداواکانی خەڵک نەدات ئەوا خەڵک لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان پەنا دەبەنە بەر ڕێگای توند و تیژی، بەوەش زیانی گەورە لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان دەدەن، ئەوەی بنیاتنراوە لەناو دەچێت، بە لەناوچونیش خەباتی سەدان ساڵەی خەڵکی کوردستان لەباردەچێت، خەڵکی پارچەکانی تریش بێ هیوا دەبن لەسەرکەوتن، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە لەبری بەپیرەوە چونی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا بۆ ئەم گۆڕانکاریە هەنگاو بنێن، لەبری پێش ئەوەی بەهانای هەرێمەوە بن بەهانای خۆیانەوەبچن، کەوتنە دژایەتی خەڵک و کەوتنە پەلاماردان و لێدان و سزادانیان، ئەوەبوو لەبری هاوکاری دەستگرتنی خەڵک بوجەی هەرێمیان لە بەغدا بڕی و کەوتنە دژایەتی خەڵک و خەڵکیان بە موچە بڕین سزادا.

لایەنێکی تری بزووتنەوەی گۆڕان، هۆشیارکردنەوەی دەسەڵات بوو لەوەی ئەو نازونیعمەتەی  کەتێی کەوتون تاسەرنابێ، بەڵکو بەهۆی ئەو نازونیعمەتە دەکەونە زەلیلی چونکە ئەم نازوونیعمەتە بەتەنها هەر ئی ئەوانە نییە و هی خەڵکیشە، پێویستە خەڵکیش لێی سود مەندبێت و ژێرخانی ئابوری کوردستانی پێ بەهێزبکرێت، لەئەگەری مەترسی بڕین و گەمارۆدانی هەرێم بتوانرێ خەڵکی کوردستان بتوانێ ماوەیەکی دوور لەسەرپێی خۆی بمێنێو بوەستێ، هێزی پێشمەرگە بەنیزامی بکرێت. بۆیە دەسەڵاتی سیاسی کوردی گوێی بەوانە نەدا، لەبڕینی بوجەی هەرێم لەئێستادا چەندین مانگە خەڵکی هەرێم بێ مووچەیە. ژیان وەستاوە ئەوە دەریخست لەپێناو ناز و نیعمەتی خۆیان گوێیان بەهیچ نەدا لەئێستادا دەرەنجامەکانی دەردەکەون ئەگەر لەوکاتەی نەوشیروان مستەفا لەسەرەتای حکومەتی کوردی  ۱۹۹۲ داوای یەک هێز و ڕێکخستنی پێشمەرگەو ئاسایش و ناوخۆی دەکرد بکرایە، یان لەناو یەکێتی ڕێگای چاکسازی لێنەگیرایە و حیزب و دەڤەرەکەی خۆی بە جوانی بنیات بنرایە بەقسەی بکرابا، یان لەسەرەتای دروستبونی گۆڕانیش بەپێی بەرنامەی گۆڕان بکرایە، ئێستا کوردستان لەم دۆخە خراپەدا نەدەبوو.

بەڵام دەسەڵاتی کوردی پێچەوانە کەوتنە دژایەتی گۆڕان و لەپێناو مانەوەی خۆیان و مەترسیەکانی خەڵک لەسەر خۆیان کە بەهۆی گۆڕانەوە بۆیان ئاشکرا بوو، کەوتنە سزادانی خەڵک، بەڵام ئەگەر لەسەر سزای خەڵک بەردەوامبن، کەسێکی تری وەک نەوشیروان مستەفایان دەستناکەوێ کە کیانی هەرێمی کوردستان لەهەڕەشەی خەڵک بپارێزێت، چونکە ئەم دەسەڵاتدارانە لە پێناو ئاسودەی خۆیان کەوتونەتە ستەم بەرامبەر بە گەلەکەی خۆیان، دەیویست لەلایەک خەڵک هۆشیاربکاتەوە بەوەی لە ڕێگای مەدەنی هەم خەڵک و هەمیش ئەزمنی هەرێم بپارێزێ، لەلایەکیتر بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خەڵک ڕابهێنن وسوود لە ئەزمونی مەدەنی وەربگرن لە پێناو مانەوەی کوردستان و خودی خۆیان، دەستاو دەوستی دەسەڵات بەرێگای ئاشتیانە بکرێت،  خەڵک ڕادەهێنن لەسەر ئەوەی بیر لە توندو تیژی بکاتەوە، بەتوندوتیژی وەڵامی دەسەڵات بدەنەوە، بەو کارەی  دەسەڵات بەرامبەر بەخەڵک، وادەکەن ئەزمونی سەدام و قەزافی چارەنوسیان بێت. چونکە ئەوانە ئەزمونی مەدەنی و ڕێگای پەرلەمانیان پەخستوە کار لەسەر ئەزمونی هێز دەکەن بەوەش ململانێی هێز لەگەڵ ڕاکشان لەناو نازونیعمەتدا سەرەنجامەکەی کۆتاییەکی تڕاژیدیە.

بۆیە هاتنە کایەی بزووتنەوەی گۆڕان زەرورەتێکی گەورەبوو، پێویستیشە خەڵک کار لەسەر کاری مەدەنی بکەن، ڕێگای توندوو تیژی ون بکەن، چونکە دەسەڵات دەیەوێت لەڕێگای پەکخستنی پەرلەمان و ناشیرین کردنی ئەزموونی هەڵبژاردن خەڵکی کورد ناچاری ڕێگای چەکداری بکات، سەرەنجام دیانەوێ لەڕێگای توندوتیژی بەقازانجی خۆیان بێت.

بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان ڕەخنەی زۆری لێدەگیرێت بەوەی چۆتە دەسەڵاتێکەوە کەدەسەڵاتی نییە، بەشدارا لەو نەهامەتیانەی کە بۆ ئەم خەڵکە درووست دەکرێن، کاتی هاتوە بزووتنەوەی گۆڕان خۆی لەم هێزانە دووربخاتەوە کە مەترسی گەورەن لەسەر ژیانی خەڵک، دەشیانەوێ گۆڕان تێوە بگلێ لە نەهامەتیەکان بەسەرمیللەتدا دەهێنن لە کاتێکدا بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پاراستنی خەڵک لەو نەهامەتیانەی ئێستا تێی کەوتوە دروست بوە، گۆڕان ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوامبێت دەبێتە هۆی لەناوچونی ئەو گۆڕانە گەورە سیاسی و کۆمەڵایەتیە کەلەپێناویدا دروست بوە.

یەکێک لەوخاڵە لاوازانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕوونی پێیەوە دیارە ئەوە ناوەندێکی گەورەی نییە بۆ پەروەردەکردنی هەڵسوڕاوانی بۆ ئەوەی جیاواز لەخەڵک بیربکەنەوە و پێشەنگایەتی  گۆڕانی سیاسی و کۆمەڵایەتی گەلەکەیان بکەن لەئێستادا نەک هەریەکێتی و پارتی بەڵکو هێزە ئیسلامی و هێزەکانی تریش کەوتونەتە هرێش بوسەر گۆڕان لەنەبوونی هەڵسوڕاوی شارەزا بۆ ئەوەی ئەم هەموو دەنگە بۆخۆیان بەرن، تائێستا هەڵسوڕاوانی گۆڕان ناتوانی بەڕوونی جیا بکەیتەوە لەخەڵکی تر، ئەوەش بەهۆی نەبوونی خەڵکی ڕاهێنراو لەو بوارە، هەربۆیەش زۆرینەی هەڵسوڕاونی پێشتر لە پێگەی حەساسی گۆڕاندا بوون ئێستا ڕەخنە دەگرن، یان بەرگەی مانەوەی ململانێیان نەگرت. دواتر بزووتنەوەی گۆڕان ڕەخنەباران دەکەن، ئەمەش بەرەنجامی نەبوونی دامەزراوەیەکی ڕاهێنان و تەنزیماتێکی تۆکەمە.

ئەو ڕەخنانەی ئێستا لەبارەی هەڵوشینی ناڕەزایەتی خەڵک لەبزووتنەوەی گۆڕان دەگیرێت لەم بارەیەوە، پێیان وایە بزووتنەوەی گۆڕان یەکێتی و پارتی بەهێز کردۆتەوە، ئەمە ڕاستیەکی تێدا بەڵام خەڵک لەم حەقیقەتە نەگەیشتون کە نەوشیروان و هاورێکانی لە درووستکردنی ئەم بزووتنەوە ئاڕاستەکردنی خەڵک نەبوە بۆ خوێن ڕێشتن بەڵکو ئامانجیان ئەوەبوو کە ڕابێت لەسەر ژیانێکی شارستانی لەڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە خەڵک مافی خۆی وەربگرێت، دوورکەوێتەوە لە توندووتیژی، خەڵکی کوردستان بەئازادی بژی، بەڵام ئەوە گۆڕان بەرپرس نییە لەوەی سبەی خەڵک لەدژی ئەم دەسەڵاتە توندوتیژی بکات ئەواخۆیانن، ئەوا ئەم دەسەڵاتە خۆیەتی خەڵک ئاڕاستەدەکات بۆ ئەوەی توندوتیژی بکات، چونکە پەرلەمان کەشوێنی نوێنەری خەڵکە پەکخراوە و هێندە ناشیرین کراوە کەس بەجێگای پارێزگاری بەمافی خۆی نازانێ. هەروەها حکومەت نایەوێت چاکسازی بکات، موچەی خەڵکی پێ جێبەجێ ناکرێت و دەشیەوێ مافی خەڵک بخوات، ئەگەر ئەم دەسەڵاتە پاکێجەکانی ئۆپۆزسیونی جێ بەجێ بکردایە ئێستا دۆخی هەرێم وانەدەبوو. خەڵکی بیری لەوە ناکاتەوە بڵێ دەبێ لەناوببرێن. ئێستا بیری خەڵک لەهەمووساتێ زیاتر لەلای شۆڕش و تۆڵە کردنەوەیە.

بۆیە لە ساڵیادی ۱۱ساڵەی دامەزراندی بزووتنەوەی گۆڕان داواکارم بزووتنەوەی گۆڕان بگەڕێتەوە سەرەتای دروست بونی، بەپڕۆژە و پلانی گۆڕانکاری هەنگاوی جدی بنێ. بەم عەقڵیەتە و بەم پڕۆژەیەی ئێستا هیچ سود و قازانجێک بە مییللەت ناگات زەرەرمەندی یەکەم خەڵک و دووەمیش گۆڕانە.

281 جار خوێندراوەتەوە