زینی وەرتێ شوێنی ململانێ نییە

ئەو بۆڕبۆڕێنەی ماوەیەکە لەزینی وەرتێ سەری هەڵداوە لە ناو میدیاو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بەیەکدادنی توێژەکانی خەڵک، دەتانەوێت خەڵک سەرقاڵ بکەن ئەگینا زینی وەرتێ شوێنی بۆڕبۆڕێنی سیاسی نییە، بەڵکو ئەوەی جێگای بۆڕ بۆڕێنی سیاسیە ئەوەیە:

۱- زینی وەرتێ شوێنی ئەوەنییە یەکێتی و پارتی هێزی خۆیانی لێ مۆڵدەن، بەڵکو زینی وەرتێ لەهەمو شوێنێکی ئەم کوردستانە بێ کێشەترە، لە هەموشوێنێکی ئەم کوردستانە ئارامترە، بەڵام هاتنی هێزەکان بۆ ئەوێ دەیانەوێت بەم کێشەیەوە، کە کێشەی ئەساسی خەڵک کە موچەیە لەبیری بەرنەوە، بۆ ئەوەتانە بەرەیەکی یەکگرتو لە موچە خۆران دروست نەبێ، بەڵکو لەڕێگای ئەم ناکۆکیەوە، وا لە موچە خۆران بکەن لەبەرەی حیزبەکانتان بمێننەوە و هەڵوێستتان لەدژ وەرنەگرن، لەکاتی کردنەوەی دەوامدا بەبێ موچە بچنەوە سەر کارەکانیان، لەکاتێکدا ئەم بۆڕبۆڕێنە دەبوایە لەسەر دابینکردنی موچە بوایە، ئەو پارەیەی لەسەر حیسابی ئەم خەڵکە کۆکراوەتەوە بیگێڕنەوە، لەپێناوی پاراستنی سامانەکانیان دەیانەوێ زینی وەرتێ بکەنە ناوەندنی بۆڕبۆڕێنی سیاسیان.

۲- لەڕێگای ئەم بۆڕبۆڕێنەوە دەتانەوێ گوشار بخەنە سەر پەکەکە، کەدەسبەرداری ناوەندی کارۆخی هێزەکانیان بێت، هێزەکانیان لە کارۆخ و دەوروبەری بکێشنەە، ئەم شوێنەی پارتی و یەکێتی ئێستا هێزیان لێ مۆڵداوە ڕێگای سەرەکی پەکەکەیە کە قەندیل و کارۆخ بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەلێسەندنەوەی کارۆخیش، قەندیل دەکەوێتە مەترسی، قەندیل پاڵپشتیەکی گەورە لەدەست دەدات.

 لەکاتێکدا ئەو بۆڕبۆڕێنەی بۆ دەرکردنی پەکەکە دەیکەن لە کارۆخ لەکاتێکدا پەکەکە بۆتە پارێزەری گەورەی ئەم ئەزمونەی کوردستان، وەک چۆن لە کەمپی مەخمور بونە پاڵپشتی گەورە بۆ ئەوەی ئەزمونی هەرێم لەهەولێر نەکەوێ، ڕێگایان لە داعشیان گرت بێتە ناو هەولێر، دواتر مەسعود بارزانی سەردانی کردن و سوپاسیشی کردن، لەهەمانکاتدا  ئەم بۆڕبۆڕێنە لەبری زینی وەرتێ چوبان لەشەنگال و کەرکوک بیکەن، هەمو ئەوشوێنانە بگێڕنەوە کە حەشدی شەعبی لەشەو ڕۆژێکدا لە ناوچە دابڕاوەکانی داگیرکرد، دەبوو ئەم بۆڕبۆڕە بۆ لەسەدا ٥۱ خاکی لە دەستچوی هەرێم بوایە.

۳- ئێوە ئەگەر بۆڕبۆڕێن دەکەن، لەسەر گرتنەوەی بۆڕینەوت و ئەوتانکەرە ناوتانە بکەن، کە بەهاوبەشی دەیفرۆشن، کەس ئاگاداری داهاتی نییە، خاوەنەکەشی کە موچە خۆرانن بە دوومانگ جارێک مووچە وەردەگرن، ئێوە پێویستە لەبری زینی وەرتێ بۆڕبۆڕێن لەسەر بازرگانی هوبەشتان بکەن و ڕای بگرن، بۆ ئەوەناکەن؟ یان بۆڕبۆڕێنی ئێوە لەزینی وەرتێ بۆ دەرکردنی هێزەکانی پەکەکە بۆ دەست گرتن بەسەر ئەو نەوتەدا کە لەژێر ئەم ناوچەدا هەیە، پێشتر خەڵکی شاورێ ڕێگەی نەدا ئەم نەوتە دەربهێنرێت.

دواتر بۆ دەست گرتن بەسەر ئەم نەوتە، لە ۲۰۱٥ چونە کوێستانەکانی خۆشناوەتی لە ناوچەکانی کارۆخ، بەڵام خەڵکەکەی ڕێگەی پێنەدان و دواتریش بەهۆی شەڕی داعشەوە ڕاگیرە. دەتانەوێ پەکەکە بڕوات، دواتر دەست بە دەهێنانی بکەن، پێویست ناکات لەوەزیاتر بۆڕبۆڕێن لەسەر تاڵانکردنی کوردستان بکەن، بەڵکو پێویستە بۆڕۆبڕێنتان بۆ ئەوە بوایە نەوتی ڕۆیشتوش ڕابگرن، چیتر هەرزان فرۆشی نەکەن و لەگەڵ عێراق ڕێکبکەون.

ئەو بۆڕبۆڕێنەی ئێوەی دەیکەن، هەموی بۆ گەوجاندنی خەڵک و شاردنەوەی قەیران و زیاتر خۆ دەوڵەمەند کردنی حیزبەکانتان و لەناو ئەوانیشدا دەوڵەمەند کردنی کەسی، ئەمە هەموی بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، بەڵام خەڵک باش تێگەیشتوە، دەشزانێ ئامانجی ئێوە چییە؟

کاتی ئەوەیە بەخۆتاندا بچنەوە، لەوەزیاتر لەبەردەمی گەلەکەتاندا خۆتان شەرمەزار مەکەن، لەبەردەم گەلیشدانا بەڵکو تەنها لەبەردەم ئەو شەهیدانە کە لەسەر قسەی ئێوە  لەپێناوی ئەم نیشتمانەدا خۆیان بەکوشدا، ئێستا کەسوکاریان لەسایەی بۆڕبۆڕینی ئێوەدا لەبرسان خەریکە بەچۆکدادێن. شەرم لەو کەم ئەندامانە بکەن کە توانی هیچ کارێکیان نییە و لەژێر ناوی ئەو کوردایەتییە ئێوە بانگەشەتان بۆ دەکرد کەم ئەندام بون و ئێستا هیچ کارێکیان بۆ ناکرێ لەچاوەڕوانی موچەکەیدا شەرمەزاری دۆست و دوژمنیان بونە. بۆیە واز لە بۆڕبۆڕێنی سەیر و سەمەرە بێنن، خزمەتی خەڵک بکەن.

950 جار خوێندراوەتەوە