گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ

دوای ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروستبوونییەوە هەنگاوێکی مێژوویی نا و گۆمە مەنگە سیاسییەکەی هەرێمی شڵەقاند، سیاسییەکانی لە خەوی قووڵی غەفڵەت بەخەبەر هێنا و توانی هەستی خۆبەزلزانیی شۆڕشگێڕانی شاخ بشکێنێت. گۆڕان ڕای گشتیی چڵەکاند و ئاماژەی بە ناڕەزایەتییە قووڵەکانی خەڵک کرد؛ دەرگای بۆ هاواری ئەو هاووڵاتیانە کردەوە کە لەناو ئێش و ئازاری نادادیدا بوون. بۆ دواجار بە دەسەڵاتی وت: خەڵک ناتوانێت چیتر لە پێناوی خۆشبەختیی ئێوەدا بێدەنگی هەڵبژێرێت. گۆڕان یەکەم هێزی نوێ بوو کە بەو شێوە ئازایانەیە ئاڵای سەرکەوتنی دژی گەندەڵی و ستەمکاری هەڵبڕی؛ تا ئەو ڕۆژە هیچ هێزێکی تر ئەو جوامێرییەی پێشان نەدابوو.


بۆیە شانازییەکی گەورە بوو بۆ دەستەبژێرانی ئەم هێزە کە توانییان دەستبەرداری پۆست و مەلەزاتی ژیانی خۆیان بن و بێنە پێشەنگیی ناڕەزایەتییەکان. لە پێشی هەمووشیانەوە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا، کە خەباتی دژی نادادی هەر لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە دەستپێکردبوو و بەگژ سیستەمەکەدا چووەوە تا خزمەتی گەل بکرێت. دوای ئەوەی گەیشتە ئەو باوەڕەی لەناو کایە کۆنەکەدا چاکسازی ناکرێت، بۆ ماوەیەک دوورکەوتەوە تا لە هاوینی ٢٠٠٩دا بە قۆناغێکی تازە و ڕێبازێکی مەدەنی لەگەڵ هاوڕێکانی خەباتیان دەستپێکردەوە. ئەگەر تەماشای مێژووی پێش و دوای ٢٥ـی ٧ بکەیت، دوو سەردەمی جیاواز و دوو بیرکردنەوەی جیاواز دەبینیت. لەوێدا دەسەڵاتداران تێگەیشتن کە زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگە دژیانە، هەرچەندە تا ئێستاش زۆرینەیان بێباکن.


دواتر گۆڕان تووشی چەند قۆناغێکی قورس و هەستیار بوو، بەڵام کۆمەڵێک مرۆڤی جوامێر ململانێیان کرد و بزووتنەوەکەیان گەیاندە ئەمڕۆ. دوای کۆچی دوایی ڕەوانشاد کاک عومەری سەید عەلی، کە توانیبووی بە سەرکەوتن و کەوتنەکانەوە بزووتنەوەکە بەڕێوە ببات، کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕی تر هاوشێوەی ئەوان، سەرباری گرفتە یاسایی و ناوخۆییەکان، توانی گۆڕان لە هەڵوەشانەوە ڕزگار بکات. لە ڕۆژی ١٦ـی شوباتی ٢٠٢٦، بە شێوەیەکی فەرمی لە شاری کەرکووکی ڕەمزی کوردایەتی، کاک دانا بووە ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان.


ئەگەر تەماشای بزووتنەوەی گۆڕان بکەین، دەبینین باجی قورسی ئەم بزووتنەوەیە بەهۆی هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی بووە. بەستنی کۆنفڕانسی گۆڕان لە شاری کەرکووک هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو. گۆڕان هەمیشە ڕووبەڕووی هێرشی نەیاران بووەتەوە تەنها لەبەر پارێزگاریکردن لە مافەکانی کورد و کوردستان. جێگای شانازییە کە ئەم هێزە وەک درێژەپێدەری خەباتی ڕابردوو، بە بێ منەت ئەرکی نەتەوەیی خۆی جێبەجێ کردووە؛ بە پێچەوانەی هەندێک هێزی تر کە هێشتا خەباتی شۆڕشگێڕی بەسەر گەلدا دەفرۆشنەوە و ئامادە نین هێزە نیشتمانییەکان یەک بخەن.


ئەرکی بزووتنەوەی گۆڕان دوای ئەم کۆنفڕانسە قورستر دەبێت. پێویستە وەک هێزێکی نەتەوەیی لەم قۆناغە مەترسیدارەدا سوورتر بێت لەسەر کاروانی کوردایەتی. میدیای گۆڕان لە کاتی بەرخودانی ڕۆژاوای کوردستاندا سەلماندی کە داکۆکیکارێکی سەرسەختی پرسی نەتەوەییە. ئێستا بارودۆخی باشوور وەک گڕکانێکی لە لێواری تەقینەوەدایە. دەسەڵاتداران لە جیاتی چارەسەر، ئەم بارودۆخە بۆ سەپاندنی باجی زیاتر و گەمارۆدانی خەڵک بەکاردەهێنن.


بۆیە پێویستە گۆڕان دوای خۆڕێکخستنەوە، هاوتەریب لەگەڵ پرسە نەتەوەییەکان، داکۆکی لە مافە خوراوەکانی خەڵکی باشوور بکات. پرسی مووچە، پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و باشکردنی بژێوی خەڵک دەبێت لە ئەولەویەتی کارەکانی بزووتنەوەکە بێت. هەروەها بۆ پاراستنی نیشتمان، پێویستە زیاتر لە جاران کار بۆ یەکگرتنەوەی هێزە چەکدارەکان و شەفافییەتی سەرچاوە داراییەکان بکات.


قۆناغی نوێ بە ڕێبەرایەتی کاک دانا وەک ڕێکخەری گشتی، ئەرکێکی قورسە، چونکە هەلومەرجە سیاسی و ئابوورییەکان گۆڕانکاریی گەورەیان بەسەردا هاتووە. حکومەت بێ ئەوەی دەستکەوتی هەبێت، بێکاری و قۆرخکاری و کۆچی گەنجانی زیاد کردووە. بەڵام دڵنیایین ڕێکخەری گشتی و ستافی تازەی جڤاتی نیشتمانی هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ سەرخستنی پڕۆژەی گۆڕان و هێنانەدی گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە دامەزراوەکانی هەرێمدا.
ئامانج هەرتەلی

155 جار خوێندراوەتەوە