ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: لە کەرکوک و زیقار هەوڵی بەقاچاخبردنی نەوتمان پووچەڵ کردەوە

KNN : Kurdish News Network
01:59 - 25/11/2026
عێراق
+
-

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە پارێزگاکانی زیقار و کەرکوک، چەند هەوڵێکی دزین و بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمەکانی پووچەڵ کردەوە و کونی سەر بۆرییەکی نەوتیشی گرت.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی دەزگاکە، لە پارێزگای زیقار و لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری سەبارەت بە کونکردنی بۆرییەکی نەوت لە ناوچەی لحێس کە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای بەسرەیە، مەفرەزەکانیان دەستیان بەسەر سێ سۆندەدا گرتووە.

 

سۆندەکان بە قفڵەوە بە بۆرییە نەوتییەکەوە بەسترابوون و بۆ ڕاکێشانی نەوت و بارکردنی لە تانکەرەکاندا بە مەبەستی بەقاچاخبردن بەکاردەهێنران، دواتر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە تەکنیکییەکان کونەکان داخران.

 

لە پارێزگای کەرکوکیش، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری، هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرت کە بە شێوەیەکی نایاسایی دەستکاری کرابوو و کون لە لاکانیدا کرابوو بۆ بەتاڵکردنەوە و بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان. لەناو تانکیی ئۆتۆمبێلەکەدا نەوتی سپی دۆزرایەوە و تۆمەتبارەکەش دەستگیر کرا.

 

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی جەختی کردەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە چوارچێوەی ڕاوەدوونانی تێوەگلاوان لە دزین و بەقاچاخبردنی نەوت و پاراستنی سامانی نیشتمانیدا ئەنجام دەدرێن.

95 جار خوێندراوەتەوە