ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: زمانی سەربازی و هەڕەشەی بەغدا رەتدەکەینەوە

KNN : Kurdish News Network
01:09 - 25/11/2026
کوردستان
+
-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە توندی ڕێکارەکانی دوێنێی حکومەتی فیدراڵ و ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراقی ڕەتکردەوە و بە پێشێلکاریی دەستووری و هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆ سیستەمی ناوەندی ناوی برد.

 

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەچوو، هەڵوێستی فەرمیی حکومەتی هەرێم خرایە ڕوو. ئەنجومەنەکە ڕایگەیاند، بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە پلانێکی پێشوەختەیە دژی قەوارەی دەستووریی هەرێم و هەرگیز دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانیان نابن، کە تەنها مووچە و بودجە نییە، بەڵکو پرسێکی سیاسی و دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستانە.

 

ئەنجومەنی وەزیران داوای جێبەجێکردنی تەواوی دەستووری هەمیشەیی عێراقی کرد، بەتایبەت ماددەی 140 کە چەندین ساڵە فەرامۆش کراوە و هیچ هەنگاوێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان نەنراوە. هەروەها داوای دروستکردنی ئەنجومەنی فیدراڵی (مجلس الاتحاد العراقي) و پێکهێنانەوەی دادگای باڵای فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور کرد.

 

سەبارەت بە دۆسیەی گەندەڵی و قاچاخچێتی، حکومەتی هەرێم جەختی کردەوە کە بەردەوام هاوکار و هاوئاهەنگ بووە و دەبێت لەگەڵ بەغدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کارێکی نایاسایی، داواشی کرد گەندەڵی و بەقاچاخبردنی نەوت لە سەرتاسەری عێراقدا بنبڕ بکرێت.

 

لە کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران داوای یەکڕیزیی لە لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا کرد بۆ بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم، هۆشداریشی دا کە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر کە دژی قەوارەی دەستووریی هەرێم ڕەفتار بکات و خەڵک هان بدات بۆ ئاژاوەنانەوە.

64 جار خوێندراوەتەوە