کۆمیسیۆنی
فیدراڵیی پەیوەندییەکانی ئەمریکا مۆڵەتی بە کۆمپانیای سپەیس ئێکس دا بۆ هەڵدانی تا
یەک ملیۆن مانگی دەستکرد، بە مەبەستی بنیاتنانی تۆڕێکی ناوەندەکانی داتای ژیریی
دەستکرد لە بۆشایی ئاسماندا. ئەم بڕیارە یەکەم ڕەزامەندیی فەرمییە لە مێژووی
ئەمریکادا بۆ گواستنەوەی پرۆسە گەورەکانی ژیریی دەستکرد بۆ دەرەوەی زەوی و
کەمکردنەوەی گوشار لەسەر تۆڕەکانی کارەبا و سەرچاوەکانی ئاو.
تۆڕە نوێیەکە
ناوی "ستارمایند"ە و مانگە دەستکردەکانی بە وزەی خۆر کار دەکەن، هەروەها
بە چارەسەرکەرەکانی "ڤێرا" و یەکەی گرافیکیی "ڕووبن"ی
کۆمپانیای ئێنڤیدیا تەیار کراون کە تایبەت بۆ کارکردن لە بۆشایی ئاسماندا
نەخشێنراون. درێژیی نێوان هەردوو باڵی هەر مانگێکی دەستکرد 75 مەترە و بەرزییەکەی دوای کرانەوە دەگاتە 30 مەتر.
مانگە
دەستکردەکان لە خولگەی نزمی زەویدا و لە بەرزیی 500 بۆ هەزار کیلۆمەتر جێگیر دەکرێن. پرۆسەی
چارەسەرکردنی داتاکان لە خولگەکەدا ئەنجام دەدەن و ئەنجامەکان لە ڕێگەی بەستەرە
لەیزەرییە تیشکییە زۆر خێراکانەوە دەگەیەننە تۆڕی "ستارلینک" و لەوێوە
بۆ سەر زەوی، هاوکات لەرەلەرە ڕادیۆییەکانیش وەک سیستەمی یەدەگ بەکاردەهێنن.
بەپێی
مەرجەکانی مۆڵەتەکە، دەبێت سپەیس ئێکس تا تشرینی دووەمی 2033 لانیکەم یەک مانگی دەستکردی کارا هەڵبدات،
تا تشرینی دووەمی 2038 نیوەی تۆڕەکە تەواو بکات و تا تشرینی دووەمی 2040 هەموو یەک
ملیۆن مانگە دەستکردەکە جێگیر بکات. بەرپرسانی جێبەجێکاری کۆمپانیاکەش ئاماژەیان
بەوە کردووە پلانیان هەیە هەڵدانە سەرەتاییەکان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2027دا دەست
پێ بکەن.
برێندان کار،
سەرۆکی کۆمیسیۆنی فیدراڵیی پەیوەندییەکان ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە هەنگاوێکی
یەکلاکەرەوەیە بۆ پاراستنی پێشەنگیی ئەمریکا لە بواری ژیریی دەستکرددا و گوشاری
ناوەندە زەبەلاحەکانی داتا لەسەر کارەبا و ئاوی سەر زەوی کەم دەکاتەوە. ئەمە لە
کاتێکدایە هەریەک لە گوگڵ لە ڕێگەی پڕۆژەی "سەن کاچەر" و بلو ئۆریجین لە
ڕێگەی پڕۆژەی "سەن ڕایز"ەوە کار لەسەر دەستپێشخەریی ڕکابەری هاوشێوە
دەکەن.
لە بەرامبەردا،
کۆمپانیاکانی کایپەر سیستەمزی سەر بە ئەمازۆن و ڤیاسات لەگەڵ کۆمەڵەی فەلەکناسیی
ئەمریکی داواکارییان بۆ ڕەتکردنەوەی پڕۆژەکە پێشکەش کردووە. زانایان و ڕەخنەگرانیش
هۆشدارییان داوە لە پیسبوونی ڕووناکیی ئاسمانی شەو، پیسبوونی بەرگەهەوای باڵا،
مەترسیی پێکدادان لە خولگەدا و ئاستەنگە ئەندازیارییەکانی تایبەت بە بڵاوکردنەوەی
گەرمیی چیپە وزەبەرزەکان لە بۆشایی ئاسماندا.
لە ئێستادا
لەسەر ئاستی جیهان تەنها نزیکەی 17 هەزار مانگی دەستکردی کارا لە خولگەی زەویدا
هەن کە زیاتر لە 11 هەزاریان سەر بە ستارلینکن. شرۆڤەکارانی بوارەکەش دەڵێن،
زۆرجار کۆمپانیاکان داوای مۆڵەتی ژمارەیەکی زۆر زیاتر لە قەبارەی ڕاستەقینە دەکەن
بۆ ئەوەی پێشوەختە شوێنە خولگەییەکان بگرن و نەرمیی زیاتریان لە دیزایندا هەبێت.
164 جار خوێندراوەتەوە