بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و
بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت؛ بەهۆی کاریگەریی بەرزەپەستانی
باکوورەوە، شەپۆلێکی سەرما زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و
پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی بەرچاو ڕوو لە دابەزین دەکەن.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە
ئاسمان بەگشتی ساماڵ دەبێت، بەڵام لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات نیمچەهەور دەبێت
لەگەڵ ئەگەری بارینی کەمێک بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان، پاشان لە کاتەکانی نیوەڕۆدا
کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە. هاوکات پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژی ڕابردوو (3 بۆ 4)
پلە نزم دەبنەوە و ساردترین ناوچەش حاجی ئۆمەران دەبێت بە (5) پلەی سیلیزی.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەینێ سێشەممە، کەشناسی
پێشبینی دەکات ئاسمان ساماڵ بێت لەگەڵ پەیدابوونی پەڵەهەوری تەنک، خێرایی با
لەسەرخۆ دەبێت و پلەکانی گەرماش نزیک دەبن لە تۆمارەکانی ئەمڕۆوە.
137 جار خوێندراوەتەوە