سیستمی ئەسیکۆدا فراوانتر دەکرێت؛ عێراق بەرەو دیجیتاڵکردنی تەواوەتیی گومرگەکان هەنگاو دەنێت

KNN : Kurdish News Network
09:56 - 29/10/2026
ئابوری
+
-

دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراق ڕایگەیاند؛ بەڕێژەی 100٪ قۆناغەکانی یەکەم و دووەمی سیستمی دیجیتاڵیی گومرگی ئەسیکۆدا - یان تەواوکردووە. لە ئێستاشدا ئامادەکاری دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی سێیەم و کۆتایی کە بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2028 تەواوی مامەڵە گومرگییەکان بکرێنە دیجیتاڵی.

 

د. سامر قاسم داود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەکە لەگەڵ شارەزایانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (UNCTAD) کۆبووەتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی پرۆژەکە. تا ئێستا سیستمەکە لە ٢٥ ناوەندی گومرگیی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی جێبەجێ کراوە، کە بەستراوەتەوە بە سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و چاودێریی زیرەکەوە.

 

ئامانج لە قۆناغی کۆتایی پرۆژەکە، دروستکردنی "پەنجەرەی تاقانە"یە بۆ بازرگانیی دەرەکی و بەستنەوەی تەواوەتیی مامەڵەکانە بە بانکی ناوەندیی عێراق و بانکەکانی دیکەوە. ئەمەش ڕۆتین و مامەڵەی دەستی کەمدەکاتەوە، شەفافیەت زیاد دەکات و دەبێتە هۆی پاراستنی داهاتی گشتی و زیادکردنی داهاتە نانەوتییەکانی وڵات.

204 جار خوێندراوەتەوە