لە دیمەشق کۆبوونەوەی لوتکەی عێراق و سوریا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بەڕێوەچوو

KNN : Kurdish News Network
03:14 - 28/10/2026
جیهان
+
-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، لە دیمەشق کۆبوونەوەیەکی فراوانیان لەنێوان شاندی هەردوو وڵات ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرا.

 

تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق بوو لە ڕێگەی بۆریی بانیاسی سوریاوە، کە بڕیارە توانای هەناردەکردنی بگاتە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هاوکات جەخت لە زیادکردنی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی کرایەوە بۆ گەیشتن بە ئاسایشی خۆراک و تەواوکاریی ئابووری.

 

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە یەکخستنی هەڵوێستەکانی هەردوو وڵات کردەوە بەرامبەر پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ هێنانەکایەی سەقامگیری. لای خۆیەوە سەرۆکی سوریا پەرۆشیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ گەیشتن بە بەرزترین ئاستی هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ بەغدا.

101 جار خوێندراوەتەوە