قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێریی نرخی گەراجەکانی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل چڕ دەکاتەوە و هۆشداریی توند دەداتە خاوەن گەراجەکان بۆ پابەندبوون بە نرخە فەرمییەکان. هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی وەرگرتنی پارەی زیادە، لە ڕێگەی هێڵی گەرمی (07708677777)ەوە سكاڵاکانیان تۆمار بکەن
بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند؛ بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر، نرخی گەراجی زەوی خۆڵ بە (1000) دینار، کۆنکرێت و سەرگیراو بە (1250) دینار و گەراجی داخراویش بە (1500) دینار جێگیر کراوە. ڕوونیشیکردەوە، ئەگەر کاتی مانەوەکە لە پێنج کاتژمێر تێپەڕی کرد، نرخەکە دەبێتە دوو هێندە
سەرۆکی لیژنەکان جەختی کردەوە کە بەکارهێنانی شەقام و شۆستە لەلایەن گەراجەکانەوە بەتەواوی قەدەغەیە و دانانی کامێرای چاودێریش مەرجی سەرەکییە. هۆشداریش دەدات، هەر خاوەن گەراجێک سەرپێچی بکات، لە 50 هەزارەوە تا پێنج ملیۆن دینار غەرامە دەکرێت، یان مۆڵەتی کارکردنی لێ دەسەندرێتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بڕیارە نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٢١، بەڵام بەردەوام بەدواداچوونی بۆ دەکرێت بۆ ڕێگری لە سەرپێچی.
371 جار خوێندراوەتەوە