بەسێ هۆزات،
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) هۆشداریی دەدات لە
دۆخی چەقبەستووی پرۆسەی چارەسەری و ڕایدەگەیەنێت؛ تاوەکو پێگەی عەبدوڵا ئۆجەلان بە
فەرمی نەکرێت، گەریلا هیچ هەنگاوێکی دیکە نانێت و ئازادکردنیشی بە مانای
چارەسەرکردنی پرسی کورد دێت.
لە دیدارێکی
تەلەڤیزیۆنیدا، هۆزات ڕەخنەی لە سیاسەتی تورکیا گرت و ڕایگەیاند کە دەسەڵات لەبری
بەرەوپێشبردنی یاسایی پرۆسەکە، پەرە بە سیاسەتی "شەڕی تایبەت" دەدات،
ئەمەش لە لێدوانەکانی بەرپرسانی تورکیا و هەڵکشانی پێشێلکارییەکان لە زیندانەکاندا
ڕەنگی داوەتەوە. جەختیشیکردەوە، بەفەرمیکردنی پێگەی ئۆجەلان هەنگاوی بنەڕەتییە بۆ
بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی.
سەبارەت بە
دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، هاوسەرۆکی کەجەکە ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس
لە کشانەوەی تەواوەتیی ئەمەریکا دەکەن. ئاماژەی بەوەشکرد کە ستراتیژی نوێی ئەمەریکا بۆ
بەهێزکردنی دەوڵەتە ناوەندییەکان، مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی
کوردستان و پارچەکانی دیکە، تاکە ڕێگەش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم مەترسییانە
"یەکڕیزیی دیموکراتیکی کورد" و دیموکراتیزەکردنی سیستەمی بەڕێوەبردنە لە
هەرێمدا.
285 جار خوێندراوەتەوە