نووسینگەی عەلی زەیدی: لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
10:12 - 26/10/2026
عێراق
+
-

سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی لێکۆڵینەوەی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان دەرکرد، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو هەڕەشەی جیاکردنەوەی پارێزگاکە و ڕاگەیاندنی یاخیبوونی مەدەنیی کردبوو.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە؛ لێکۆڵینەوە لەگەڵ مستەفا دەعیر عەبدولحەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان دەستی پێکردووە. هۆکارەکەشی بۆ ئەو لێدوانانە دەگەڕێتەوە کە مۆڵەتی سێ ڕۆژی داوەتە حکومەت بۆ کردنەوەی دەروازەی سنووریی شیب، لەگەڵ بەکارهێنانی "وشەی نەگونجاو".

 

پێشتر سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای میسان، ڕۆژی پێنجشەممەی وەک دوا مۆڵەت بۆ بەغدا دیاری کردبوو، تاوەکو دەروازە سنوورییەکەیان لەگەڵ ئێران بۆ بکاتەوە. هۆشداریشی دابوو کە ئەگەر داواکارییەکەی جێبەجێ نەکرێت، ڕێگاوبانەکان دەبڕن و پارێزگای میسان لە "جەستەی عێراق" جیا دەکەنەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی وەزیراندا جەخت لە سەروەریی یاسا کراوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ دەبێت لە دۆسیە خزمەتگوزاری و کارگێڕییەکاندا ڕێکارە دەستوورییەکان پەیڕەو بکرێن، هەروەها هەڵسەنگاندنی یاساییش بۆ لێکەوتەی ئەو لێدوانانە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەکرێت.

48 جار خوێندراوەتەوە