بانکی ناوەندیی
عێراق داوا لە بازرگانان و کۆمپانیاکان دەکات بەدواداچوون بۆ ئەو حەواڵانە بکەن کە
پێش 7ی تشرینی یەکەمی 2026 بۆ هاوردەکردن ئەنجامیانداوە، هۆشداریش دەدات لە
وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەکی زیادە لەلایەن بانکەکانەوە بە بیانووی جیاوازیی نرخی
دراو.
لە
ڕاگەیەندراوێکدا بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە کردووە، بەدواداچوون بۆ پرۆسە
بانکییەکانی پێش و پاش گۆڕانکارییەکانی نرخی دراو دەکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە
پاراستنی مافی بازرگانان. جەختیشیکردووەتەوە پێشتر هەژماری بانکەکانیان بۆ
ڕووماڵکردنی ئەو حەواڵانە پڕکردووەتەوە، بۆیە نابێت هیچ جیاوازییەکی نرخی دراو
بخرێتە ئەستۆی بازرگانان بۆ ئەو حەواڵانەی بە نرخی پێشوو کڕدراون.
بانکی ناوەندی
ڕوونیکردووەتەوە لە حاڵەتی دواکەوتنی جێبەجێکردنی حەواڵەکان یان داواکردنی بڕە
پارەی زیادە، بازرگانان دەتوانن لە ڕێگەی پلاتفۆرمی سکاڵای بانکەکەوە یان ئیمەیڵی
فەرمی سکاڵا تۆمار بکەن. هاوکات ئاشکرایکردووە، لەگەڵ بانکەکان و کۆمپانیاکانی
پارەدانی ئەلیکترۆنی کاردەکەن بۆ دەرکردنی کارتی تایبەت بە بازرگانیی دەرەکی بۆ
بازرگانە بچووکەکان، بەمەبەستی ئاسانکاریکردن لە پارەدارکردنی هاوردەکانیاندا.
322 جار خوێندراوەتەوە