وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی
کوردستان، تەرخانکردنی زیاتر لە 22 ملیار دیناری بۆ شایستە داراییەکانی
جووتیاران ڕاگەیاند. بەمەش کۆتایی بە دابەشکردنی پارەی ساڵی 2025 دێت و یەکەم گوژمەی ساڵی 2026 دەستپێدەکات.
سەروەر هاواری،
بریکاری وەزارەتەکە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە؛ بڕیاردراوە بە
خەرجکردنی زیاتر لە 22 ملیار دینار بۆ جووتیاران، کە دوایین گوژمەی
ساڵی 2025 و یەکەم گوژمەی ساڵی 2026 لەخۆدەگرێت.
بەپێی وتەی
بریکارەکە، دوایین گوژمەی پارەی ساڵی 2025 بڕەکەی حەوت ملیار و 736 ملیۆن و 857 هەزار دینارە. لەو بڕەش چوار ملیار و 602 ملیۆن و 604 هەزار دینار بۆ سلێمانییە و، سێ ملیار و 134 ملیۆن و 253 هەزار دیناریش بۆ دهۆکە.
لەبارەی پشکی
هەولێریشەوە ڕوونیکردووەتەوە، شایستەی جووتیارانی هەولێر بۆ ساڵی 2025 پێشتر بەتەواوی لە گوژمەی هەشتەمدا دراوە و بووەتە سفر. بە خەرجکردنی پارەی
سلێمانی و دهۆکیش کۆتایی بە پارەی ئەمساڵ دەهێندرێت.
هاوکات بڕیاری
خەرجکردنی یەکەم گوژمەی ساڵی 2026 بە بڕی 15 ملیار و 245 ملیۆن دینار دەرچووە. بڕەکە بەمشێوەیە
دابەشکراوە: پێنج ملیار و 30 ملیۆن دینار بۆ هەولێر، پێنج ملیار و 435 ملیۆن دینار بۆ سلێمانی، هەروەها چوار ملیار و 780 ملیۆن دینار بۆ دهۆک.
241 جار خوێندراوەتەوە