ژووری بازرگانیی هەولێر: بڕیارەکانی عێراق لەبارەی دۆلارەوە گوزەرانی هاووڵاتییان و جووڵەی بازرگانی قورس دەکەن

KNN : Kurdish News Network
04:38 - 07/10/2026
ئابوری
+
-

ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر هۆشداری دەدات لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و رایدەگەیەنێت، ئەم بڕیارانە باری گوزەرانی هاووڵاتییان و جووڵەی بازرگانی قورس دەکەن.

 

لە بەیاننامەیەکدا ژووری بازرگانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو بڕیارە ئابوورییە ناهاوسەنگانە دەبنە هۆی تێکدانی هاوسەنگیی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان. هەروەها ئاستەنگی گەورە بۆ خاوەن کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەران دروست دەکات لە جێبەجێکردنی گرێبەستەکانیاندا.

 

ژوورەکە داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات بەپەلە پێداچوونەوە بەو بڕیارانەدا بکات، چونکە چارەسەرکردنی قەیرانەکان بە سەپاندنی بڕیاری نەرێنی بەسەر کەرتی تایبەت و هاووڵاتییاندا ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە سیاسەتێکی زانستیتر هەیە بۆ پارێزگاری لە سەقامگیریی بازاڕ.

 

لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردووەتەوە، وەک داکۆکیکار لە مافەکانی توێژی بازرگانان و کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان، بە هەموو توانایەکیانەوە هەوڵەکانیان بۆ کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە دەخەنەگەڕ.

113 جار خوێندراوەتەوە