کڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران و زەوی کارت قەدەغە دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
06:28 - 07/10/2026
کوردستان
+
-

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هۆشدارییەکی توند دەداتە فەرمانبەران و هاووڵاتییان لەبارەی کڕین و فرۆشتنی ئەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێن و ڕایدەگەیەنێت، تا کاتی دەرچوونی تاپۆی فەرمی هەر جۆرە مامەڵەیەک نایاساییە.

 

لە ئاگادارییەکدا شارەوانیی هەولێر ڕوونی کردووەتەوە، بە هەموو شێوەیەک کڕین و فرۆشتن بە زەویی فەرمانبەران و "زەوی کارت"ەوە ڕێگەپێدراو نییە. جەختیش دەکاتەوە، تا سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان تەواو نەبن و وێنەی تۆماری فەرمی و سەربەخۆ دەرنەچێت، نابێت مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێت.

 

بەپێی راگەیەندراوەکە، هەندێک لەو فەرمانبەرانەی زەوییان بۆ دەرچووە دەستیان بە فرۆشتنی زەوییەکانیان کردووە، ئەمەش کێشەی گەورەی کۆمەڵایەتی و یاسایی دروست دەکات. هاوکات هۆشداری دراوەتە نووسینگەکانی خانووبەرە کە بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.

 

لەبارەی پرۆسەی دابەشکردنی زەویشەوە شارەوانیی هەولێر ئاشکرای کردووە، لە کۆی 82 هەزار ناوی فەرمانبەر لە سەنتەری شارەکە، تا ئێستا لە هەشت قۆناغدا 55 هەزار فەرمانبەر سوودمەند بوون و کارکردنیش لە قۆناغەکانی دیکە بەردەوامە.

97 جار خوێندراوەتەوە