شاهین فوئاد- هەولێر
بەرزبوونەوەی بەرچاوی
نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، نیگەرانی ئەوەی دروستکردووە، کە نرخی کاڵا و
خۆراکیش لە بازاڕ بەرزببیتەوە، لەوبارەوە بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی
بازرگانی هەرێم دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان، کە بەشی شەش مانگ خۆراک لە کۆگاکاندا
هەیە و لە رێگەی لیژنەکانیشیانەوە چاودێری بازاڕدەکەن، بۆ ئەوەی نرخەکان
بەرزنەبنەوە.
نەوزاد شێخ کامیل
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی بە کەی ئێن ئێنی راگەیاند: بە
گشتی لەو وڵاتانەی کە پشتیان بە هاوردەکردن بەستووە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار
کاریگەری لەسەر نرخی کاڵا و خۆراک دەبێت، بەڵام وەک وەزارەتەکەیان لیژنەکانیان
راسپاردووە بۆ ئەوەی لەبازاڕدا ئامادەیی بەردەوامیان هەبێت و بەدواداچوون بۆ ئەو
کاڵایانە بکەن کە نرخەکانیان زیاد لە پێویست بەرزبووەتەوە و رێگە بەوە نەدەن و
رێکاری پێویست بگرنەبەر.
وتیشی: لیژنەکانی
قائیمقامیەت و ئاسایشی ئابوریش چاودێری بازاڕدەکەن و پێکەوە هەوڵ دەدەین سەقامگیری
و جێگیرییەک بۆ بازاڕ بگێڕینەوە.
سەبارەت بە خۆراکیش
وتی: بەشی شەش مانگ خۆراک لە کۆگاکانی کەرتی تایبەتدایە و وەک وەزارەتی بازرگانیش
لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی سەبەتەی شەشەمی بەشە خۆراک دەکەن و هەموو
ئەمانە هۆکارن بۆ ئەوەی نەهێڵین نرخی کاڵا و بەتایبەتی خۆراک زیاد لە پێویست
بەرزببەوە.
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی
بەوەشکرد، ئەگەر بڕێکی زۆر دۆلار بخرێتە بازارەوە، سەقامگیری بۆ بازاڕ دەگەڕێتەوە
و نرخەکان دادەبەزنەوە.
125 جار خوێندراوەتەوە