هۆڵی نەشتەرگەریی نۆ نەخۆشخانە داخران

KNN : Kurdish News Network
05:35 - 05/10/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی تەندروستیی ، بەهۆی پابەندنەبوون بە مەرج و ڕێنماییەکانەوە، ئەنجامدانی نەشتەرگەریی لە نۆ نەخۆشخانەی تایبەتدا ڕاگرت. بڕیارەکە دوای دەرکەوتنی کەموکوڕییەکی زۆر دێت لە کوالێتی و کۆنترۆڵی جۆریی هۆڵەکانی نەشتەرگەریدا، کە ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر سەلامەتیی نەخۆش دروست دەکەن

 

دکتۆر ڕەسول عەبدولخالق، بەڕێوەبەری پشکنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند، ئەو نەخۆشخانانە دەکەونە چەند شارێکی جیاوازی هەرێمی کوردستانەوە و ئاگادار کراونەتەوە کە سەرجەم نەشتەرگەرییەکان ڕابگرن. ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو تەواوی کەموکوڕییەکان چارەسەر نەکەن، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە کردنەوەی هۆڵەکانیان نادرێتەوە

 

بڕیارە دوای جێبەجێکردنی مەرجەکان، لیژنەکانی وەزارەتی تەندروستی جارێکی دیکە سەردانی ئەو نەخۆشخانانە بکەنەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان. هاوکات وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە کە چاودێری و پشکنینەکانیان بۆ سەرجەم نەخۆشخانە تایبەتەکانی دیکەش بەردەوام دەبێت.

69 جار خوێندراوەتەوە