ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران: وەڵامی سەربازیمان بۆ سزاکانی سەر فڕۆکەوانی نابێت

KNN : Kurdish News Network
03:59 - 26/09/2026
جیهان
+
-

ئەمیندارێتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئەو دەنگۆ و زانیارییە ناڕاستانە بڵاوکردەوە کە لەسەر زاری موحسین رەزایی ئەمینداری ئەنجومەنەکەوە سەبارەت بە پرسی گەشتە ئاسمانییەکان بڵاوکراونەتەوە و تێیدا بژاردەی سەربازیی بۆ چارەسەری ئەو پرسە ڕەتکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن گوایە ئێران لە بەرامبەر ئەو کۆتوبەندانەی خراونەتە سەر گەشتە ئاسمانییەکانی پەنا دەباتە بەر وەڵامدانەوەی سەربازی، دوورن لە ڕاستییەوە و بەتەواوی ڕەتدەکرێنەوە.
ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا دانوستانەکانیان لەگەڵ وڵاتانی پەیوەندیدار بە مەبەستی هەڵگرتنی ئەو "کۆتوبەندە ئاسمانییە نایاساییانە" بە جددی بەردەوامە و کاری لەسەر دەکرێت.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە چەندین بژاردە و ڕێکاری مەدەنی (ناسەربازی) لەبەردەستدان بۆ مامەڵەکردن بە شێوەی هاوشێوە، کە لە کاتی پێویستدا بەرامبەر بە هەندێک فڕۆکەخانە دەگیرێنەبەر، بەڵام هیواشیان خواستووە کە پرسەکە نەگاتە ئەو قۆناغە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا موحسین رەزایی رایگەیاندبوو، ئەگەر وڵاتانی دراوسێ پەیوەست بن بە گەمارۆکەی ئەمریکا بۆ سەر فڕۆکەوانی ئێران، فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتانەش پەکدەخرێن.

180 جار خوێندراوەتەوە