بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە؛ ئۆپن ئەی ئای پەرەپێدانی پێشکەوتووترین مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد ڕادەگرێت

KNN : Kurdish News Network
09:13 - 27/09/2026
جیهان
+
-

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای (OpenAI) ڕاهێنانی پێشکەوتووترین مۆدێلەکانی ژیریی دەستکردی ڕاگرت، ئەمەش لەکاتێکدایە پرسیار و گومانەکان لەسەر توانای کۆمپانیاکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد ڕووی لە زیادبوون کردووە.

 

کۆمپانیا ئەمەریکییەکە ڕاهێنانپێکردنی کارامەترین مۆدێلەکانی ژیریی دەستکردی وەستاندووە و جەختی لەوە کردووەتەوە، تاوەکو دڵنیا نەبێتەوە لە بوونی ڕێوشوێنی ئەمنیی زیاتر، دەست بە پەرەپێدانی مۆدێلەکان ناکاتەوە. ماڵپەڕی (ئاکسیۆس)ـیش لە زاری نوێنەرێکی کۆمپانیاکەوە ئەم زانیارییەی پشتڕاستکردووەتەوە.

 

بەپێی سەرچاوەکانی ماڵپەڕەکە، لە ئێستادا شارەزایانی هەردوو کۆمپانیای (ئۆپن ئەی ئای) و (ئەنترۆپیک)، لێکۆڵینەوە لە دەیان هەزار ڕووداو دەکەن کە لە چەند مانگی ڕابردوودا لەکاتی تاقیکردنەوەکان و لە دۆخی ڕاستەقینەدا ڕوویانداوە.

 

ماڵپەڕی ئاکسیۆس ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە، زانیاریی زۆربەی ئەو ڕووداوانە لە ئێستادا بۆ ڕایگشتی بڵاوناکرێنەوە و ڕەنگە کێشەکە "زۆر ئاڵۆزتر بێت لەوەی کە خەڵک دەیزانێت". هاوکات بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی لێکۆڵینەوەی کارمەندانی هەردوو کۆمپانیاکە و ئەو شارەزایانەی بانگهێشتکراون، توانای هەردوو کۆمپانیای (ئۆپن ئەی ئای) و (ئەنترۆپیک) بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتیی تەکنەلۆژیاکانیان "جێگەی گومانە".

115 جار خوێندراوەتەوە