وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەستپێکردنی پرۆسەی ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکانی ئۆتۆمبێل و درێژکردنەوەی ماوەی گواستنەوەی خاوەنداریەتیی بۆ 90 ڕۆژ ڕاگەیاند، هاوکات هۆشدارییەکی توندیش لەبارەی هاتوچۆکردنی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و بڕاوە دەدات کە بەهیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نین و تۆمار ناکرێن.
هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی ئەلیکترۆنیکردنی مامەڵەکان لە هەولێر قۆناغی یەکەمی بۆ بارهەڵگرەکان دەست پێکردووە و ئامادەکارییەکان بۆ شارەکانی دیکەش بەردەوامە. ئامانجی سەرەکیی ئەم هەنگاوە کاراکردنی پۆرتاڵێکی دیجیتاڵییە تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن لە ماڵەوە بەشێک لە مامەڵەکانی وەک تۆمارکردن، دەرهێنان و گواستنەوەی خاوەنداریەتی ڕایی بکەن. هاوکات ساڵیانەی ئۆتۆمبێل دەکرێتە کارتێکی بچووک بە ستانداردی ئەمنی و کوالێتیی جیهانی. هەر لە چوارچێوەی ئاسانکارییەکاندا، ماوەی گواستنەوەی خاوەنداریەتی لە 60 ڕۆژەوە بۆ 90 ڕۆژ درێژکراوەتەوە، ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە دروستبوونی کێشەی یاسایی و میراتی بۆ خاوەنەکانیان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناوبراو باسی لە مەترسییەکانی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و بڕاوە کرد و ڕایگەیاند، هەر ئۆتۆمبێلێک مەرجی سەلامەتیی تێدا نەبێت، دەبێت لە هیچ شوێنێک لەسەر شەقامەکان نەبێت. ئاشکراشی کرد، لە پشکنینی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ نزیکەی حەوت هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لە هەولێر، دەرکەوتووە تەنها 300 دانەیان سەلامەت بوون. جەختیشی کردەوە، هیچ لایەنێک دەسەڵاتی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی بڕاوەی نییە و ئەم قەدەغەکردنەش بۆ پاراستنی سەلامەتیی گشتییە و سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان وەک سلێمانی، زاخۆ و گەرمیان دەگرێتەوە
139 جار خوێندراوەتەوە