حکومەتی هەرێم: پێویستە مووچەی پێشمەرگە هاوتای وەزارەتی بەرگریی عێراق بکرێت

KNN : Kurdish News Network
08:25 - 23/09/2026
ئابوری
+
-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی تاوتوێ کرد و بڕیاریدا شاندی دانوستانکاری هەرێم ڕابسپێرێت بۆ ئەوەی لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ی عێراقدا، کار بۆ جێگیرکردن و هاوتاکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگە بکەن لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکاندا.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، ئەنجومەنی وەزیران کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی پرۆسەی ڕێکخستن و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتەکەی خستەڕوو، هاوکات تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ یەکسانکردنی مووچە، پلە و دەرماڵەی پێشمەرگە هاوشێوەی هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەو پێیەی پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگریی وڵات.

 

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بەوە کرا کە هەرێمی کوردستان لە پشکی خۆی بەشداری لە دابینکردنی خەرجییە سیادییەکانی عێراقدا دەکات، بۆیە پێویستە خەرجییەکانی مووچە، ڕاهێنان و پڕچەککردنی پێشمەرگەش بە پێوەرێکی یەکسان لەو خەرجییانەدا جێگیر بکرێت. هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان هەنگاوی گرنگی بڕیوە، سەرجەم پێشمەرگەکان بایۆمەترییان بۆ کراوە، مووچەکانیان بەبانکی کراوە و زانیارییەکانیشیان لەلایەن بەغداوە وردبینی بۆ کراوە.

 

لەلایەن خۆیانەوە، سەرۆک و جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیان بە دەسکەوتێکی مێژوویی و نیشتمانی وەسف کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە ئامانج لەم پرۆسەیە تەنها ڕێکخستنەوەی یەکە سەربازییەکان نییە، بەڵکو دروستکردنی سوپایەکی نیشتمانییە لەژێر یەک فەرماندەییدا. لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی هاوپەیمانان و ئەمریکای کرد بۆ پشتیوانییەکانیان و داوای لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا کرد داکۆکی لە ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بکەن لە پرۆسەی پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2027دا.

134 جار خوێندراوەتەوە