فەرەنسا پڕۆژەبڕیارێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:50 - 26/09/2026
جیهان
+
-

فەرەنسا خۆی ئامادە دەکات بۆ پێشکەشکردنی پڕۆژەبڕیارێک بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بە ئامانجی پشتیوانیکردن لە هاتووچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.

 

دیپلۆماتکارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند؛ پڕۆژەبڕیارەکە جەخت لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دەکاتەوە، کە یەکێکە لە چەقە سەرەکییەکانی گرژی لە ناوچەکەدا، هاوکات گرنگیی ستراتیژیی گەرووەکە بۆ جووڵەی باربەرە جیهانییەکان و ئاسایشی خۆراک و وزە دەخاتە ڕوو.

 

ئەو دیپلۆماتکارە ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەبڕیارە پێشنیازکراوەکە دووپاتی دەکاتەوە کە دەبێت پابەندبوون بە یاسای دەریاکانەوە هەبێت، هاوتەریب لەگەڵ پشتیوانیکردن لەو دەستپێشخەرییە ئاشتییانەی کە ئامانجیان دەستەبەرکردنی پەڕینەوەی پارێزراوی کەشتییەکانە بە گەرووی هورمزدا.

140 جار خوێندراوەتەوە