ڕۆژنامەی
واشنتن تایمزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، سەرکەوتنی بەغدا لە قەتیسکردنی چەک بەدەست
دەوڵەتەوە، دەتوانێت عێراق بکاتە ناوەندێکی گرنگی ئابووری و وزە لە ڕۆژهەڵاتی
ناوەڕاستدا.
بەپێی
ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەکە، عێراق ڕووبەڕووی یەکێک لە قورسترین و کاریگەرترین
تاقیکردنەوەکانی قۆناغی دوای ساڵی 2003 دەبێتەوە، کە دەرەنجامەکەی دەتوانێت نەخشەی
گشتیی ئاسایش و وزە لە تەواوی ناوچەکەدا دابڕێژێتەوە.
ڕاپۆرتەکە
ئاماژەی بەوە کردووە، پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن لە ڕێگەی سەردانەکەی عەلی
زەیدی، سەرۆک وەزیران بۆ واشنتن لە مانگی تەمموز و بەشداریکردنی لە لوتکەی
بازرگانیی ئەمریکا و عێراق، گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. لەو لوتکەیەدا زیاتر
لە 50 ڕێککەوتن بە بەهای زیاتر لە 60 ملیار دۆلار ڕاگەیەندراون، کە کۆمپانیا
زەبەلاحەکانی وەک (شێڤرۆن، کۆنۆکۆ فلیپس، جەنەڕاڵ ئەلێکتریك ڤێرنۆڤا، بی پی، شێڵ،
کەی بی ئاڕ و ئێکسلەرەیت ئینێرجی) تێیدا بەشدارن.
بەشێکی زۆری
ئەو دەستپێشخەرییانە پەیوەستن بە کەرتەکانی نەوت، غازی سروشتی، کارەبا، ژێرخان و
پەرەپێدانی ڕێڕەوی ئارام بۆ هەناردەکردنی وزە. ئەمەش دەرفەتێکە بۆ بەرەوپێشبردنی
پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و دەرچوون لەو قاڵبە سەربازییەی کە دوو دەیەی ڕابردوو
زاڵ بووە، بەرەو هاوبەشییەکی فراوانی ئابووری و ستراتیژی.
لە بەشێکی
دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بوونی هێزی چەکداری دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت گەورەترین
ئاستەنگە و هیچ وەبەرهێنانێکی چەندین ملیار دۆلاری بەبێ سەروەریی یاسا، پارێزراویی
گرێبەستەکان و سەقامگیریی سیاسی بەردەوام نابێت. کێشەکە بەهۆی بوونی نزیکەی 50
هەزار چەکدار و هەبوونی موشەک و چەکی پێشکەوتووەوە ئاڵۆزتر بووە، بۆیە دەبێت
چەکدارماڵکردن تەنها لە کۆکردنەوەی چەکدا کورت نەکرێتەوە، بەڵکو دەبێت بڕیارەکانی
جەنگ و ئاشتی و زنجیرەی فەرماندەیی و چالاکییە ئابوورییەکانیش بخرێنە ژێر کۆنتڕۆڵی
دەوڵەتەوە.
لە کۆتاییدا
واشنتن تایمز جەختی لەوە کردووەتەوە کە عێراق خاوەنی یەکێک لە گەورەترین
یەدەگەکانی نەوتە لە جیهاندا. لە کاتێکدا سەلامەتیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز
بووەتە جێی نیگەرانییەکی گەورەی جیهانی، دۆزینەوەی ڕێڕەوی پارێزراوتر بۆ
هەناردەکردنی وزەی عێراق گرنگییەکی ستراتیژیی زیاتری پێ دەدرێت. بۆیە عێراق
دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی گرنگی ئاسایشی وزە لە ناوچەکەدا، بەو مەرجەی بتوانێت
سەرچاوەکانی وزە بپارێزێت و سەربەخۆیی بڕیاری ئابووریی خۆی مسۆگەر بکات.
76 جار خوێندراوەتەوە