ئەمینینداری گشتیی وەزارەتی
پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوکارییە
داراییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ڕاگرتووە، لە بەرامبەردا داوایان لە حکومەتی
فیدراڵی کردووە مووچەی پێشمەرگە هاوتا بکات لەگەڵ هێزە عێراقییەکان.
فەریق ڕوکن
بەختیار محەممەد سدیق، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا بۆ
ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند؛ بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی پێشتر لە نێوان هەردوولادا
واژۆ کرابوو، ماوەی دیاریکراو بۆ پێشکەشکردنی هاوکارییە داراییەکانی هاوپەیمانیی
نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی هاتووە. ڕوونیشیکردەوە کە هاوکارییە
داراییەکانی هەردوو مانگی ئاب و ئەیلولی 2026، دوایین گوژمە بووە بەپێی
ڕێککەوتنەکە.
ناوبراو
ئاماژەی بەوەش کرد، یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان بۆ ماوەی چوار ساڵ بووە و لە 21ی
ئەیلولی 2022 تاوەکو 21ی ئەیلولی 2026 کاری پێکراوە، بە کۆتاییهاتنی ماوەی ئەو
یاداشتەش، ناردنی هاوکارییە داراییەکان لەلایەن هاوپەیمانانەوە بە یەکجاری کۆتایی
هاتووە.
ئەمینداری
وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوەش کردەوە، پێشتر وەزارەتەکەیان ڕایگەیاندبوو کە
هاوکارییە داراییەکانی مانگەکانی ئاب و ئەیلول لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو (24ی
ئەیلول) دابەشکراون، بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەش وتی: "داوامان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە
ئەم بڕە پارەیە قەرەبوو بکاتەوە، ئەویش لە ڕێگەی هاوتارکردنی مووچەی پێشمەرگە
هاوشێوەی هێزە عێراقییەکان."
68 جار خوێندراوەتەوە