حکومەتی عێراق،
ئەمڕۆ شەممە، ئاشکرایکرد کە لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ئەمریکا بەمەبەستی
هەڵاوێردکردنی هەندێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لەو سزایانەی وەزارەتی گەنجینەی
ئەمریکا خستوویەتییە سەر گەشتی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران.
نووسینگەی
ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی
ئەو ڕێکارانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەرامبەر گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ
فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە و بەتایبەت عێراق گرتوویەتییەبەر، حکومەتی عێراق گفتوگۆی
ڕاستەوخۆی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی چەند فڕۆکەخانەیەکی عێراق
لەو ڕێکارانە ببەخشرێن.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، ئامانج لەم هەنگاوە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانە لەو
فڕۆکەخانانەدا تەنها بۆ مەبەستی مرۆیی، کە پەیوەستن بە چارەسەری پزیشکی، خوێندن،
سەردانی ئایینی و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان.
لە بەشێکی
دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخی
ناوچەکە دەدات، جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی قەیرانەکان دیمەنەکە ئاڵۆزتر دەکەن.
داواش لە سەرجەم لایەنەکان دەکات پەنا ببەنە بەر گفتوگۆ و دانوستان بۆ کۆتاییهێنان
بە ململانێکان، بەشێوەیەک کە بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە بهێنێتەدی.
60 جار خوێندراوەتەوە