وەزیری دارایی
عێراق، فالح ساری، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، بڕگەی دامەزراندنی هەمیشەیی بۆ
فەرمانبەرانی گرێبەست و کرێکارانی ڕۆژانە لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی
ساڵی 2027دا جێگیر کراوە.
بەپێی
ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی، لە میانی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی
بودجەدا، وەزیری دارایی جەختی لەوە کردووەتەوە کە دۆسیەی فەرمانبەرانی گرێبەست و
کرێکارانی ڕۆژانە خراوەتە ناو پڕۆژەیاساکەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە
دوای کارکردنی بەردەوامی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتەکە دێت، کە پرۆسەی
ئامار، کۆکردنەوەی داتا، هەژمارکردنی تێچووی دارایی و دابینکردنی تەرخانکراوی
پێویستی لەخۆگرتبوو بۆ دامەزراندنیان.
فالح ساری،
وەزیری دارایی ڕوونیشیکردەوە، وەزارەتەکەیان بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەکی
زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا کردووە و تەواوی پێداویستییە دارایی و
هونەرییەکانی تەواو کردووە. وتیشی: "دۆسیەکەمان لە قۆناغی داواکارییەوە
گواستووەتەوە بۆ قۆناغی ڕێکارە فەرمییەکان، ئەویش لە ڕێگەی جێگیرکردنی لەناو
پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیدا."
269 جار خوێندراوەتەوە