دیپلۆماتێکی
باڵای ئێران ڕایدەگەیەنێت؛ تاران ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆکان ئەگەر
واشنتن هەنگاوی کرداری بنێت، ئاشکراشی دەکات کە پرۆژەیەکی نوێیان بۆ ڕاگرتنی
هێرشەکان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە ڕادەستی ئەمریکا کردووە.
بەپێی
زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دیپلۆماتێکی ئێرانییەوە، شاندی وڵاتەکەیان
لە نیویۆرک دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە بۆ دووبارە بووژاندنەوەی دیپلۆماسییەت لەگەڵ
ئەمریکا. ئاماژەی بەوەشکردووە کە پرۆژەی ڕاگرتنی هێرشەکان لە (16)ی ئەم مانگەدا لە
ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە ڕادەستی ئەمریکا کراوە و دەکرێت لە نیویۆرک گفتوگۆ لەسەر
وردەکارییەکانی بکرێت.
لەلایەکی
دیکەوە، ئاژانسی کیۆدۆ لە زاری بەرپرسێکی باڵای حکومەتی ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە،
پرۆژە نوێیەکەی ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز، لەلایەن
ڕێبەری باڵا و ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەییەوە پەسەند کراوە. ئەوەشی
خستووەتەڕوو، ئەگەر ئەمریکا هەنگاوی سەرەتایی بۆ کەمکردنەوەی فشارە سەربازییەکانی
بنێت، تاران ئامادەیە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا گەرووی هورمز بکاتەوە، ئەمەش بەشێکە لە
هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن.
هاوکات، تاران
دەیەوێت کۆبوونەوەکانی ئەم هەفتەیەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک
بقۆزێتەوە، ئەوەش بەمەبەستی ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕن
لە نێوان تاران و واشنتندا.
295 جار خوێندراوەتەوە