زەیدی: رادەستکردنی چەک زۆرەملێیە نەک ئارەزوومەندانە

KNN : Kurdish News Network
09:31 - 22/09/2026
عێراق
+
-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت؛ پڕۆسەی ڕادەستکردنی چەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە زۆرەملێیە نەک ئارەزوومەندانە، جەختیش دەکاتەوە هەر گرووپێک لە دوای وادەی دیاریکراو بەردەوام بێت، بە دەرچوو لە یاسا هەژمار دەکرێت.

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز)ی ئەمریکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، پڕۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک بە پێدانی مۆڵەتێکی (90) ڕۆژە دەستپێدەکات، کە تێیدا گرووپە چەکدارەکان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر ڕادەگرن.

 

زەیدی ئاماژەی بەوەشکردووە، گرووپە چەکدارەکان دەستدەکەن بە ڕادەستکردنی چەکەکانیان و مەرجیشە پڕۆسەکە تاوەکو (30)ی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو (2027) بەتەواوی کۆتایی پێبێت.

 

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا، عەلی فالح زەیدی ڕوونیکردووەتەوە کە عێراق بەهۆی جەنگەوە سەدا 60ی داهاتی مانگانەی نەوتی لەدەستداوە، هەر بۆیە کۆنتڕۆڵکردنی چەک بە مەرجێکی سەرەکی دەزانێت بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی بەهێز و دروستکردنی پەیوەندیی ئابووریی لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا.

115 جار خوێندراوەتەوە