زەیدی بەرەو نیویۆرک بەڕێدەکەوێت و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک سەرکردەی وڵاتان کۆدەبێتەوە

KNN : Kurdish News Network
10:48 - 20/09/2026
عێراق
+
-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومی بەرەو نیویۆرک بەڕێدەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، و بڕیارە لە پەراوێزی سەردانەکەشدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆببێتەوە. ئەم جووڵە دیپلۆماسییە هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی کشانەوەی تەواوەتی هێزە بیانییەکان لە کۆتایی ئەم مانگەدا.

 

عەبدولزەهرە هنداوی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، بە ڕۆژنامەی (سەباح)ی ڕاگەیاندووە، زەیدی وتاری عێراق لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی پێشکەش دەکات و تێیدا تیشک دەخاتە سەر دیدگای بەغدا بەرامبەر بە پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، هەروەها پرسەکانی ئاسایش، سەقامگیری، گەشەپێدان و هاوکاریی نێودەوڵەتی. ئاماژەی بەوەشکردووە، خشتەی سەردانەکە چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و بیانی لەخۆدەگرێت، شانبەشانی کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیا گەورەکان و وەبەرهێنەران بەمەبەستی فراوانکردنی هاوبەشییە ئابوورییەکان.

 

لە لایەکی دیکەوە، د. حەیدەر عەبودی، وتەبێژی فەرمیی حکومەت، بە کەناڵی (عێراقییەی هەواڵی) ڕاگەیاندووە، خشتەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ ئەمەریکا، کۆبوونەوەیەک لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە لەخۆدەگرێت، هاوکات بەشداری لە کۆبوونەوەی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا دەکات بەمەبەستی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

 

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ خاڵیبوونەوەی وڵات لە دوایین هێزە بیانییەکان لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا. سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ی ڕاگەیاندووە، ڕۆژی 30ی ئەیلول وەرچەرخانێکی گەورەی ستراتیژییە بەرەو پشتبەستن بەخۆ و بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی لەلایەن دەستی ناوخۆییەوە. جەختی لەوەش کردووەتەوە کە "ڕۆژی سەروەری" هەر پاساوێک بۆ جووڵەکردن لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت ناهێڵێت، ئەمەش سەروەریی یاسا بەهێزتر دەکات و ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان دەڕەخسێنێت.

 

هاوکات، ڕۆژنامەی "واشنتن تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو دەرفەتانەی لەبەردەم عێراقدان و ئاماژەی بەوە کردووە، هەوڵە جددییەکانی بەغدا بۆ قەتیسکردنی چەک بەتەنیا لە دەستی دەوڵەت و چەسپاندنی سەروەریی یاسا، ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی عێراق ببێتە سەنتەرێکی ئابووری و وزەی گرنگ لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

247 جار خوێندراوەتەوە