وەزارەتی
خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 8:30ـی
بەیانیی سبەینێ پێنجشەممە (17ی ئەیلولی 2026)، پرۆسەی پێشکەشکردن بۆ وەرگرتنی دەرچووانی
پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەستپێدەکات و سیستمی زانکۆلاین بۆ
زیاتر لە 40 هەزار دەرچوو کارا دەکرێت.
د. خەتاب
ئەحمەد شێخانی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان لە وەزارەتی
خوێندنی باڵا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد،
وێبسایتی فەرمیی زانکۆلاین (www.regayzanko.com) بۆ ماوەی هەشت ڕۆژ و تاوەکو (24ی
ئەیلولی 2026) لەبەردەستدا دەبێت. هاوکات داوای لە
دەرچووان کرد بۆ وەرگرتنەوەی وشەی تێپەڕ و ناوی بەکارهێنەر (Username و Password) سەردانی
خوێندنگەکانیان بکەنەوە و پڕکردنەوەی فۆڕمەکانیش دوانەخەن بۆ کۆتا ڕۆژەکان.
بەڕێوەبەری
گشتیی فەرمانگەی خوێندن و پلاندانان هۆشداریشی دا کە قوتابیان بۆ پڕکردنەوەی
فۆڕمەکانیان ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمی نین و تەنها بۆ دەستکەوتنی بڕێک
پارە کاردەکەن، چونکە وەزارەت بەرپرسیار نابێت لە هیچ هەڵەیەک. هەروەها ڕێنمایی
دەرچووانی کرد کە سەردانی مەڵبەندە ڕاوێژکارییەکانی زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنی
بەرچاوڕوونیی زیاتر، یان ڕێبەری وەرگرتن بەوردی بخوێننەوە و خۆیان فۆڕمەکان
پڕبکەنەوە.
بەپێی
ئامارەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بۆ ئەمساڵی خوێندن (40 هەزار و 716) دەرچوو، کە پێکدێن لە دەرچووانی بەشەکانی
(زانستی، وێژەیی، پیشەیی و خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان) لەیەک کاتدا داواکاری پێشکەش
دەکەن و کێبڕکێ لەسەر (680) بەشی جیاواز لە (16) زانکۆی حکومی دەکەن بە هەرسێ سیستمی
(زانکۆلاین، پارالێل و ئێواران).
لە کۆتاییشدا
وەزارەتەکە ڕەتیکردەوە هیچ پەیج و هەژمارێکیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی
(زانکۆلاین) یان (ناوەندی وەرگرتن)ـەوە هەبێت و جەختی لەوە کردەوە کە تاکە
سەرچاوەی فەرمی بۆ ڕێنماییەکان، پەیجی وەزارەتی خوێندنی باڵایە.
93 جار خوێندراوەتەوە