بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەستپێکردنی پرۆسەی دەرهێنانی کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنی بۆ ئەو کەسانە راگەیاند کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە، بەمەبەستی بێبەشنەبوونیان لە وەرگرتنی بەشە نەوت و بەنزین
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە فۆڕمی خۆراکییان لە بنکەکانی (٢٠١ تاوەکو ٢٢٣)ـی سنووری پارێزگای هەولێرە، لە ئەمڕۆوە سەردانیان بکەن بۆ مامەڵەی دەرهێنانی کارتەکە. هاوکات مەرجەکانیشی دیاریکردووە و رێنمایی دەدات کە پێویستە فۆڕمی خۆراکی ساڵانی (٢٠٢٠-٢٠٢١)ـی ماڵی باوکیان لەگەڵ فۆڕمی ئەلیکترۆنیی ماڵی باوک پێ بێت
هەروەها، دەبێت فۆڕمی خۆراکیان جیاکرابێتەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراکەوە پەسەند کرابێت، لەگەڵ هێنانی کارتی نیشتمانی و کارتی زانیاری
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پرۆسەی رێکخستنەوەی کاروباری دابەشکردنی نەوت، غازی ماڵان و بەنزین دێت لە زۆرینەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کە بڕیار دراوە لەمەودوا پرۆسەکە تەنها لە رێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە جێبەجێ بکرێت، ئەمەش بە ئامانجی زامنکردنی یەکسانی و دادپەروەری لە پێدانی سووتەمەنی بە سەرجەم هاووڵاتییان.
149 جار خوێندراوەتەوە