ئیمارات بە 27 دۆلار کەمتر لە نرخی بازاڕ نەوتی عێراق دەکڕێت

KNN : Kurdish News Network
04:02 - 16/09/2026
ئابوری
+
-

ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرایکرد، کۆمپانیای "ئەدنۆک"ی ئیماراتی لە ڕێگەی باڵی بازرگانیی خۆیەوە، ملیۆنان بەرمیل نەوتی خاوی عێراقی بە داشکاندنێکی گەورە کڕیوە، کە داشکاندنەکە دەگاتە 27 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسەکە، بەهۆی ئەو پشێوییانەی لە دابینکردنی نەوتدا دروستبوون کە پەیوەستن بە جەنگی ئێرانەوە، کۆمپانیای ئەدنۆک لە مانگی ئابدا نزیکەی 32 ملیۆن بەرمیل نەوتی بە داشکاندنی 24.90 بۆ 27 دۆلار کڕیوە. هەروەها لە مانگی ئەیلولدا 40 ملیۆن بەرمیلی دیکە و 20 ملیۆن بەرمیلی زیادەشی بۆ ڕادەستکردن لە مانگەکانی ئەیلول و تشرینی یەکەم بە هەمان قەبارەی داشکاندن کە دەگاتە 27 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کڕیوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیا ئیماراتییەکە لە مانگەکانی ئاب و ئەیلولدا لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ەوە لە پێشەنگی گەورەترین کڕیارەکانی نەوتی خاوی عێراقدا بووە، بەڵام بەهۆی کۆتوبەندەکانی هەناردەکردن و نەبوونی توانای کۆمپانیای نەوتی بەسرە بۆ دابینکردنی تەواوی بڕە داواکراوەکان، قەبارەی کۆتایی ئەو بارە نەوتانەی بۆ ئیمارات دیاریکرابوون، کەمیکردووە.

66 جار خوێندراوەتەوە