بۆ چارەسەری پرسی مووچە و پلەبەرزکردنەوە؛ شاندێکی هەرێم دەچێتە بەغدا

KNN : Kurdish News Network
09:51 - 06/09/2026
کوردستان
+
-

بڕیارە سبەینێ دووشەممە، شاندێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی بەشداریکردن لە داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 و جێگیرکردنی مافە داراییەکانی فەرمانبەران، بگاتە بەغدا

 

سەرچاوەیەک بۆ KNN : شاندەکە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق و تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکە کۆدەبنەوە. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت دەبێت بە نووسینەوەی ڕەشنووسی بودجە و جێگیرکردنی پرسی هەمیشەییکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان

 

بەپێی زانیارییەکان، وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی داوە لە بودجەی ساڵی داهاتوودا پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق دەستپێبکاتەوە و کێشەی گرێبەستەکانیش چارەسەر بکرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەهۆی ئاستەنگە داراییەکانەوە بڕگەی دامەزراندنی گشتی لە بودجەی 2027 دا بوونی نابێت

 

پەیوەست بە ڕێکارەکانی ئامادەکردنی بودجەش، ئەم هەفتەیە دەست بە نووسینەوەی ڕەشنووسەکە دەکرێت بۆ ئەوەی تاوەکوو 15ی ئەم مانگە ئامادە بکرێت و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت

311 جار خوێندراوەتەوە